بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16-1-2017 فڕۆکەیەکی تورکی لە قیرغیزتان کەوتەخوارەوە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 32 کەس گیانیان لەدەستدا.
فڕۆکەکە بارهەڵگر بوو، لە نزیک شاری بیشکێکی پایتەختی قیرغیزسان کەوتە نێو گەڕەکێکەوە، بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان 32 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کە چوار کەسیان ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی فڕۆکەکە بوون.
وەزارەتی تەندروستی قیرغیزتان رایگەیاند “رووداوەکە کاژێر 07:31ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (04:30 بەکاتی کورستان) روویداوە”، هەروەها رایگەیاندووە “فڕۆکەکە کەوتووەتە نێو گەڕەکێکەوە لە دەرەوەی شاری بیشکێک، بەهۆیەوە 15 خانوو زیانیان بەرکەوتووە”.
فڕۆکەکە لە هۆنگ کۆنگەوە بەرەو بیشکێک دەچوو، بڕیار بوو لەوێشەوە بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێبکەوێت، بەڵام لەنزیک فڕۆکەخانەکە تێکشکا.
دوا بە دوای رووداوەکە سەرۆکوەزیرانی قیرغیزتان گەیشتە شوێنی رووداوەکە و، بڕیاردرا بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ماناس لە قیرغیزتان رابگیرێن.