لەدوای ئەنجامدانی كودەتا شكستخواردوەكەی توركیاوە تائێستا بەهای لیرەی توركی بەردەوامە لە دابەزینو ماوەی چەند رۆژێکیشە بەهای ئەو دراوە بەرامبەر دراوە بیانیەکانی تر لەنزمترین ئاستدا جێگیر بووە بەجۆرێک بەهای یەک دۆلار بەرامبەر ٣ لیرەو ٩٠ قورش مامۆڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات لەدوای ئەنجامدانی کودەتا شکست خواردوەکەی تورکیا تائێستا لیرەی توركی لەسەدا 25ی بەهاكەی لەدەستداوە، تەنها لە٢٠١٧دا بەهای لیرە بەرێژەی لەسەدا ٩% بەهاکەی لەدەست داوە، ئەمەش مەترسی وەبەرهێنەرانو بارزگانانی بەرامبەر قەیرانە ئابوری و سیاسیەکان زیاتر کردوە و هەوڵدەدەن سەرمایەکانیان ببنە دەرەوەی تورکیا.
هەرچەندە بانکی ناوەندی تورکی لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا بڕی یەک ملیارو پێنسەد ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی رێگری لەدابەزینی بەهای دراوەکەی بکات بەڵام ئەم هەنگاوەش لیرەی تورکی لەو قەیرانە دەرباز نەکرد کەماوەی ٦ مانگە ڕووبەروی بۆتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی چەند بانكێكی ئەوروپیو ئەمریكیش، یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی توركیا، لە باشترین دۆخدا 106 ملیار دۆلارەو لەو بڕەش تەنها 35 ملیار دۆلاری دەتوانرێت بەكاربهێنرێت، چونكە ئەو بڕەی دەمێنێتەوە پارەی بانكە بازرگانیەكانەو لای بانكی ناوەندی دایان ناوە.
لەم بارەیەوە ماریک نارین پسپۆڕی ستراتیژی لەبانکی UBS دەڵێت: بانکی ناوەندی تورکیا ناتوانێت برێکی زۆری یەدەگەکەی بەکاربهێنێت چونکە بەشێکی زۆری ئەو ١٠٦ ملیار دۆلارە یەدەگی بانکە بازرگایەکانو پارەی ئەو بانکانەیە کەناچارکراون لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرز بەشێک لەسەرمایەکانیان بە دراوی قورس لەبانکی ناوەندی دابنێن، تاکیدیشی کردوە لەکۆی ئەو یەدەگەی بانکی ناوەندی هەیەتی ٤٢ ملیار دۆلاری هی بانکەکانە، جگە لەوەش ١٦ ملیار دۆلاری تری بانکەکانە کە بەدراوی بیانی دانراوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەدراوی نیشتمانی پێ بکرێت.
هاوکات بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ئەگەر یەدەگی دراوی تورکیا ١٠٠ ملیار دۆلار بێت ئەوا تورکیا دەتوانێت شەش مانگی تر کەرتی بازرگانی پارەدار بکات و دراوی بیانی بۆ بازرگانانی وڵاتەکەی دابین بکات کە کاڵاو خزمەتگوازاری هاوردەبکەن.
لەئێستادا کۆی قەرزە دەرەکیەکانی تورکیا دەگاتە ٤٠٠ ملیار دۆلار لەو بڕەش دەبێت ساڵی دهاتوو ١٠٧ ملیار دۆلاری بداتەوە کە ئەوەش یەکسانە بەکۆی یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندی تورکیا هەروەها سێ هێندە لەو یەدەگە زیاترە کەبانکی ناوەندی دەتوانێت بەکاری بهێنێت.