ئێران مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەدارانی چین دەدات

 ئێران چوار مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەدارانی چین دەدات كە دەیانەوێت بەبڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ناوچەی ئابووری ئازادی سەڵماس بكەن.
حەبیت تەربیەتی جێگری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئابووری‌و دارایی ئازربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: سەرمایەدارانی چین 4 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، بۆ دروستكردنی بەندەرێكی وشك و دەرهێنانی مادەی كانزایی و دروستكردنی پاركێكی پیشەسازی.
وتیشی، سەرمایەدارانی چین لەو پڕۆژانەدا بەبڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان دەكەن، ئەم گڕێبەستانەش دوای لابردنی گەمارۆ ئابووریەكان ئیمزاكراون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، جگە لە سەڵماس لە شارەكانی ‌تری پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوا، سەرمایەدارانی چین‌و هیندستان‌و ئازربایجان‌و عێراق و كەنەدا، لە بواری پیشەسازیدا وەبەرهێنانیان كردوە، كە زۆرتر لە ناوچەی بازرگانی ئازادی ماكۆ‌و ناوچەی ئابووری ئازادی سەڵماس‌و شاری خۆیی‌و پیرانشار بووە.