وەزیری تەندروستی هەرێم داوا دەكات باج لەسەر جگەرە و خواردنەوە كحولیەكان زیاد بكرێت


وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان داوا دەكات باج لەسەر جگەرە‌و نێرگەلە‌و خواردنەوە كحولییەكان‌و كارگەكانی چیمەنتۆ‌و پترۆكیمیاوی زیادبكرێت‌و كۆمپانیای هاوردە‌و دابینكردنی دەرمان دابمەزرێت كە حكومەت خۆی سەرپەرشتی بكات. 

د.رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی هەرێم، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرەڕای باسكردنی ئەو چاكسازیانەی كە لە رەوشی دەرمان‌و چاككردنی هەیكەلیەتی وەزارەت‌و كەمكردنەوەی خەرجی زیادە، پلانی وەزارەتمان بۆ ساڵی ٢٠١٧ خستەروو، داوامان كرد كە لەرێگەی زیادكردنی باج لەسەر جگەرە‌و خواردنەوە كحولییەكان‌و كارگەكانی چیمەنتۆ‌و پترۆكیمیاوی، داهات زیادبكرێت.

 هاوكات لە پلانەكەی وەزیری تەندروستیدا، ئاماژە بە بەهێزكردنی تاقیگەی ناوەندی خۆراك لە بازاڕەكان‌و تاقیگەكانی سەر سنوور لە مەرزەكانی حاجی ئۆمەران‌و باشماخ‌و پەروێزخان‌و ئیبراهیم خەلیل كراوە‌و داوایان كردوە كۆمپانیای هاوردە‌و دابینكردنی دەرمان دابمەزرێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی سەرپەرشتی بكات.