توركیا: بەهای لیرە بەردەوامە لەدابەزین بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی


بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی هاڕەیكرد‌و بەهای یەك دۆلار لەدەوروبەری 4 لیرەدا مامەڵەی پێوە دەكرێت.

بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەڕێژەی لەسەدا 2 پۆینت 5  دابەزی‌و یەك دۆلار گەیشتە 3 لیرە‌و 89 قڕوش، بەڵام لەدوای نیوەڕۆوە بەهای لیرە كەمێك بەرزبوەوە‌و بەهای یەك دۆلار بە 3 لیرە‌و 87 قڕوش مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە، لیرەی توركی نزمترین ئاستی تۆماركرد‌و بەهای یەك دۆلار گەیشتە 4 لیرە‌و 10 قڕوش.

هاوكات لەدوای ئەنجامدانی كودەتا شكستخواردوەكەی توركیاوە تائێستا، لیرەی توركی لەسەدا 25ی بەهاكەی لەدەستداوە‌و تەنها لەماوەی ئەمساڵیشدا بەهای لیرە بەڕێژەی لەسەدا 9 دابەزیووە، ئەمەش مەترسی وەبەرهێنەرانی بەرامبەر بە قەیرانە ئابووری‌و سیاسیەكانی ئەو وڵاتە زیاتر كردوە. 

هەرچەندە بانكی ناوەندی توركیا ڕایگەیاند: كە بڕی یەك ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە دابەزینی بەهای لیرەی پێبكات، بەڵام ئەم هەنگاوەش فریای لیرەی توركی نەكەوت‌و لە مامەڵەكانی ئەمڕۆشدا بەهای ئەو دراوە لە ئاستێكی نزمدا مایەوە.

بەوتەی شارەزایانی ئابووریش، ڕەنگە تاوەكو چەند مانگێكی تریش بەهای لیرە لەبەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت‌و یەك دۆلار لەسەرووی 4 لیرەوە مامەڵەی پێوەبكرێت، چونكە تا ئەوكاتەی لە توركیا ڕیفراندۆم لەسەر سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت، بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی زیاتر دادەبەزێت.