بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، کۆی گشتی کارو چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٦ی راگەیاندو بەگوێرەی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٠ ھەزار منداڵ لەدایکبوون، بە پێی ئامارەکە ژمارەی ھاوسەرگیریی لە ژمارەی جیابوونەوە لەم پارێزگایە زیاتربووە.
لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیدا هاتووە “لە ساڵی رابردوودا داهاتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتی بووە لە٢٦١ ملیۆن و نۆ هەزار دینار”.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەلی سەباح سەعید، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، ئامارەی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی خستەڕوو و رایگەیاند “لە ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی لەدایکبووان گەیشتووەتە ٢٩ ھەزارو ٨٥٣ کەس، لەو ژمارەیەش ١٥ ھەزارو ٣٠٨یان لە رەگەزی نێر بوون و ١٤ ھەزارو ٥٤٥یشیان لە رەگەزی مێ”.
ناوبراو وتیشی: “لە ساڵی ٢٠١٦دا، ٤ هەزار و ٢٨٣ کەس گیانیان لەدەست داوە لەو رێژەیەش ٢ هەزار و ٤٠٦ کەس نێر بوون و هەزار و ٨٧٧ کەس لە رەگەزی مێ بوون”. سەبارەت بەھاوسەرگیریش لە ساڵی رابردوودا، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی ئاشکرای کرد، ژمارەی ھاوسەرگیریی لە جیابوونەوە زیاتربووە، بەوەی نۆ ھەزارو ٣٧٨ پرۆسەی ھاوسەرگیریی تۆمارکراوە، بەڵام ھەزارو ٤٧٥ جیابوونەوە ھەبووە”.
ئەو باسی لەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٦دا ٦٠ ھەزارو ٥٧٩ ناسنامەی باری شارستانی بۆ یەکەمجار دراوە بەھاووڵاتییان و لەبەرامبەریشدا ١٠ ھەزارو ٢٤٢ حاڵەتی تێکچوونی ناسنامە تۆمارکراوە و دواتر پێیاندراوەتەوە، بەکۆی گشتیش ٧٠ ھەزارو ٨٢١ ناسنامە دراوە بەھاووڵاتییان”.
سەبارەت بەکارتی نیشتیشمانیش، لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیدا نووسراوە “تائێستا ژمارەی ئەو ھاووڵاتییانەی کارتی نیشتیمانییان پێدراوە، گەیشتووەتە ٢٤ ھەزارو ٤٦ کەس”. لەبارەی داھاتی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیشەوە، عەلی سەباح سەعید رایگەیاند “کۆی داھاتی بەڕێوەبەرایەتی لە ساڵی رابردوودا، بریتی بووە لە ٢٦١ ملیۆن و نۆ ھەزار دینار”.