وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی پەلەوەر فراونتر دەكات و وڵاتانی بەریتانیاو فینلەنداو سربیاش دەگرێتەوە.
مەهدی قەیسی جێگری وەزیری كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند: وەزارەتەكەیان هاوردەی پەلەوەری زیندو و بەستووی لە هەریەك لەو وڵاتانی سربیاو بەریتانیاو فینلەندا قەدەغەكردوەو هۆكارەكەشی بۆ رێگركردن لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە گەڕاندۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە: عیراق لەسەدا پەنجای پێداویستی ساڵانەی بەرهەمی پەلەوەر لە دەرەوە هاوردە دەكات، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەرێگەی كێڵگەكانی ناوخۆوە دابینی دەكات.
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لەسەرەتای ساڵی 2015وە هاوردەی بەرهەمی كێڵگەپەلەوەریەكانی فەرەنسای قەدەغەكردوە دواتریش بریاری قەدەغەكردنەكەی فراوانتر كردو لە ئێستاشدا زیاتر لە 20 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە.