(د.فوئاد مەعسوم) سەرۆك كۆماری عیراق، یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراقی پەسەند كرد كە بڕەكەی بەزیاتر لە 100 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوەو پشكی هەرێمی كوردستانیش دەگاتە 11 ترلیۆنو 605 ملیار دینار.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عیراق ئاشكرایكرد، كە (د.فوئاد مەعسوم) رۆژی سێشەممە یاسای بودجەی گشتی عیراقی بۆ ساڵی 2017 پەسەندكردوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی عیراق رۆژی 7ی 12ی 2016 بودجەی ساڵی 2017ی پەسەندكرد، كە بڕەكەی بە زیاتر لە 100 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە.
بەگوێرەی یاساكەش حكومەتی هەرێم پابەندكراوە كە رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانو بودجەی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، كە بڕەكەی دەكاتە 11 ترلیۆنو 605 ملیار دینار، جگە لەوەش ملیارێكو 200 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج دەكرێت.
هەروەها بەپێی یاساكە، بەشێك لە بودجەی هێزی وشكانی عیراق بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان دەكرێت، بەمەرجێك بەشی مووچەی پێشمەرگە بكات. هاوكات نوسینگەی سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندوە، كە د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق، یاسای كۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی پەسەندكردوە، كە مەبەست لێی دامەزراندنی كۆمیسیۆنێكە لەبواری بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمو تیشكە ئایۆنییەكانی وزە باڵاكان، لە پیشەسازییو كشتوكاڵو تەندروستیو بەرهەمهێنانی وزەی كارەباو سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئاو، بۆ ئەوەی عیراقیش شانبەشانی وڵاتانی جیهان لەگەڵ گەشەكردنە زانستیو تەكنەلۆژییەكان پێش بكەوێت.