لە کاتێکدا کە ئابووریناسان باس لە داڕمانی ئابووری تورکیا دەکەن، ئاژانسەکانی هەواڵ دروستکردنی لێژنەیەکی ئابووری هاوبەشیان لە نێوان هەولێر و ئانکارا لە پاش سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان و مەسعود بارزانی بڵاو کردەوە.
لەگەڵ هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرەتا ئابووری تورکیا گەشەی بە خۆیەوە بینی؛ یەکێک لەو هۆکارانەش وەبەرهێنان بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٣، ١٢ میلیارد دۆلار ئاڵوگۆڕێ بازرگانی لەناویاندا هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ ٨ میلیارد دۆلار دابەزیوە هۆکاری ئەمەش دەستێوەردانی تورکیا لە وڵاتانی دەورووبەر و هاوکاریکردنی داعش بوو.
تەلەفیزیۆنی ڕووداو ئامارێکی بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات تورکیا بە تەنها (٣٧%) ئابووری هەرێمی کورستان لەبەر دەست دایە و بۆ بەرەوپێش بردنی کاری کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان سەرەتا ٥٠٠ میلیۆن دۆلار وامی بێ سودی بە هەرێمی کوردستان داوە و لە هەنگاوەکانی دووەم و سێیەمدا ٥٠٠میلیۆن دۆلاری بە سودی (٥-٦%) و پاشان ١٥٠میلیۆن دۆلاری تریشی بە هەمان سود پێداوە و لە ئێستا هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری قەرزی تورکیا دایە و گشت بوارەکان هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بوون، قەیرانی موچەی فەرمانبەران و وەستانی کەرتی پەروەدە و تەندروستی لەسەرەکیترینی ئەم قەیرانانەن.
سەرەڕای ئەوەش لە ئێستادا ١٣٥١ کۆمپانیای تورکی لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، ڕێگاوبان، بەرهەم و ئەلکتڕۆنی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
هەرێمی کوردستان کە زیاتر لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکڕاتی کوردستان – عێراق دایە، پەیماننامەی ٥٠ ساڵی لە بواری نەوت لەگەڵ تورکیا مۆر کردووە و لە ئێستادا ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بەڕێ دەکات و تورکیا پارەی کۆمپانیاکانی لە پارەی ئەو نەوتە کەم دەکاتەوە؛ هەروەها لە بواری گازیش پەیماننامەیەکیان بۆ ٢٦ساڵ مۆر کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨، ١٠میلیارد مەتری سێجا گاز بۆ تورکیا هەناردە بکرێت و لە ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە ٢٠میلیارد مەتری سێجا.
بە پێی بەڵگەیەک لە ماوەی پێشوو لە ویکیلیکس بڵاو بۆوە، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ وەزاڕەتی سامانە سروشتییەکانی تورکیای ناردبوو، هەرێم ئەو کاتە ٥میلیارد دۆلار بە تورکیا قەرزدا بووە و ئاشتی هەورامی داوای کردووە لە ڕێگەی سێ بژاردە ئەم قەرزەیان پێ بدەنەوە لەوانە:
یەکەم: پێدانەوەی قەرزەکان لە کاتى باشبوونی تواناى دارایی هەرێم بە شێوەی قیست کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستپێبکات و لەساڵی ٢٠٢١ کۆتایی پێ بێت.
دووەم: پێدانەوەی قەرزەکان لەڕێگەی هەناردەی نەوت و گاز بۆ تورکیا بەپێی خشتەیەک کە هەردولا لەسەری ڕێکدەکەون.
سێهەم: کڕینەوەی پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم لە لایەن حکومەتی تورکیاوە.
لە ئێستا تورکیا بە هۆی دەستوەردان لە عێراق و سووریا و شەڕی ناوخۆیی تووشی قەیرانی ئابووری بووە، ڕاپۆرتێکی خودی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ باس لەوە دەکات کە ١٠میلیۆن گەشتیار لەو ساڵەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥ کەمی کردووە و داهاتی گەشتیاری وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٦- ٧میلیارد دۆلار دابەزیوە.
لە لایەکیتر بانکی کۆمێرز، کە یەکێک لە بانکەکانی ئەڵمانیایە ڕاپۆرتێکی لەسەر ئابوری تورکیا بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی: ئابووری تورکیا لەسەروبەندی داڕمان دایە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئابووری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ (٤،٥%)داڕماوە و خودی تورکیاش دانی بەوە داناوە کە (١،٨%) ئابووریەکەی داڕماوە. گەر لە ڕابردوو هەرێمی کوردستان ڕۆحی وەبەر ئابووری تورکیا هێنابوو، ئەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بە هۆی قەیرانی دارایی ئەم ڕۆڵەی لە ئابووری تورکیادا نەگێڕاوە.
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی بانکی کۆمێرز ئەڵمانی ئەوە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بە لانی کەمەوە (١٦،٥%) ئابووری تورکیا تووشی داڕمان دەبێت و ئەمەش زۆر مەترسیدارە بۆ تورکیا.
پلانی دووبارە هەستانەوەی ئابووری تورکیا لە ڕێگەی ناوچە وێڕانبووەکانی عێراق
تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە ٢٠٠٣ ڕازی نەبوو، بنکەی ئەنجرلیک بۆ لێدانی سەدام حوسێن بەکار بێت و ترسی لە دروستبوونی هەرێمێکی کوردی لە عێراقدا هەبوو، بەڵام سیاسەتی خۆی نەرم کرد و بە شێوەی ئابووری هەرێمی کوردستانی لەژێر چنگی خۆی هاویست و سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێنا ئەوە لە کاتێک دایە کە تورکیا گوێ بە مافی کوردەکانی چوارچێوەی وڵاتی خۆێشی نادات و پەرلەمانتاران، نوێنەران و سەرۆکشارەوانی و ئەندامەکانی فەرمیترین پارتی دیموکڕاتی گەلان کە کوردیش پشگیری دەکات لە زیندان دان.
پاش هەموو ئالۆزیەکانی تورکیا و عێراق سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە هەمان زهنیەتی دژایەتی پاشان نرمبوون ڕووی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان کردووە کە لەسەرووی هەمووشیان وەستاندنی سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق بە تایبەت شەنگال بوو.
جیا لە لایەنە سیاسیەکانی بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ بەغدا و هەولێر زیاتر ئەوەی کە جێگای گرنگییە چۆنیەتی دووبارە بوژانەوەی ئابووریە داڕماوەکەی تورکیا بوو و لە بەغداش ڕایگەیاند کە تورکیا ئامادەیە وەبەرهێنان لەو شوێنانەدا بکات کە بە هۆی تیرۆرە وێران بوون، هەمان ئەو ئەزموونەی کە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە، بۆ بووژانەوەی خۆی دووبارەی دەکاتەوە.
ڕاپۆرتەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند بە هۆی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی تەندروستی ٢٥٠٠ دکتۆر و کادیری پزیشکی سەر بە کەرتی حکومی هەرێمی کوردستان وازیان لە کار هێناوە.
بیناڵی یڵدرم، لە دارمانی کەرتی تەندروستی هەرێم ئاگادارە و ڕایگەیاند وڵاتەکەیان ئامادەیە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکانی هەرێم و چارەسەریان لە تورکیادا بکات و بەم شێوەیە ئەمجارە پلانیان هەیە کە پارەکانی هەرێم لە ڕێگەی تەندروستیشەوە دیسان بچنەوە ناو گیرفانی دەوڵەتی تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نوێنەرایەتی دەکات.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا وێڕای هیواخواستن بۆ بنبڕکردنی تیرۆر، باسی بواری ئابووریان کرد و لە ئێستا هەر دوو لایەن لیژنەیەکی ئابووری پێک دێنن.
بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەم لیژنە ئابووریەی لە كۆنگرەكەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باس کرد و وتی: “لیژنەیەكی ئابووری لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە پێكدەهێندرێ، هەر ئەو مانگە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەموو پشتیوانییەك لە ئابووری هەرێمی كوردستان بكرێت و لەو دۆخە سەختەی ئێستا تێیدایەتی، ڕزگار بكرێت، هەموو وەزیرەكانیش كار لەسەر ڕێگەچارەكان دەكەن”.
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتیشی “لە بواری تەندروستیشدا توركیا دەرگای كراوەیە بۆ هەموو ئەو نەخۆشانەی لێرە(هەرێمی كوردستان) چارەسەریان نییە، بهێندرێنە توركیا و چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت”. ئاماژەی بەوەش كرد پێكەوە لەگەڵ هەولێر لە بوارەكانی وزە و گواستنەوە و گەیاندن کاردەکەن.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك كۆمار و حكومەت و گەلی توركیای كرد بۆ ئاسانكاری و پشتیوانییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان. وتیشی “هاتنی یڵدرم بۆ هەولێر پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان”. ئامادەییشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە لە سەرجەم بوارەكان.
بەم شێوەیە تورکیا هەنگاوی دووەمی سیاسەتی جارانی بۆ ڕزگارکردنی ئابووری وڵاتەکەی لە داڕمان و خستنەگەری دووبارە کۆمپانیاکانی ئەمجارە لەو ناوچانەی بە هۆی شەڕەوە وێران بوون لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەست پێدەکاتەوە، لە لایەک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیش لە چالاکیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق دەگرێت و لە لایەکیتر دەیەوێت تورکیا لە تەنگەژەی ئابووری ڕزگار بکات.