لە 11 ساڵدا 7 ملیار دۆلار بۆ سەوزە و میوە چووەتە دەرەوەی كوردستان

 
بەپێی ئامارێكی فەرمی، لە ماوەی 11 ساڵدا بایی حەوت ملیار دۆلار سەوزە و میوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە. بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت “ئەگەر حكومەت 10%ی بودجەی گشتیی بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بكردایە، كوردستان پێویستی بەهاوردەكردنی سەوزە و میوە نەدەبوو”.



بەپێی ئامارێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پشتی بەداتای هەناردەی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان بەستووە، لەماوەی ساڵانی 2004 تاوەكو 2014 بە بەهای زیاتر لە حەوت ملیار و 139 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.



ساڵ بە ساڵ قەبارەی هاوردەی ئەو بەرهەمانە لە زیادبووندا بووە، بەجۆرێك لە 167 ملیۆنەوە بۆ یەك ملیار و 21 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. 85%ی ئەو بەرهەمانەش لە توركیا و ئێرانەوە هاوردەكراون.



د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت “هەرێمی كوردستان خاوەن دەستی كار، پسپۆڕی شارەزا، ئاو، خاك و كەشوهەوایەكی زۆر لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان. ئێمەش پلان و نەخشەڕێگامان بۆ گەشەپێدانی زۆربەی بەرهەمە ستراتیژییەكان تاوەكو ئاستی خۆبژێوی و هەناردەش هەبووە، بەڵام گرفتمان كەمیی بودجەیە‌”. 



بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و بەرزكردنەوەی بەشداریی كەرتی كشتوكاڵ لە داهاتی نیشتمانی، لەسەر راسپاردەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زۆربەی وڵاتان 10%ی بودجەی وڵاتیان بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكەن، بەڵام ئەو بودجەیەی ساڵانە لە كوردستان بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت 1.8%ی بودجەی گشتی تێنەپەڕیوە.