لەدوای سهرههڵدانی قەیرانی دارایی كوردستانو دواكەوتنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران، بازرگانان ڕایدەگەیەنن چالاكی بازرگانی لەسنوری گەرمیان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردوە.
نوێنەری بازرگانانی سنوری گەرمیان، ئەحمەد كەلاری ڕایدەگەیەنێت “چالاكی بازرگانی لەسنوری گەرمیاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوه، بەتایبەت لەدوای بەرزكردنەوەی نرخی گومرگ لەسەر چیمەنتۆ، پێشتر ڕۆژانە لەمەرزی پەروێزخانەوە زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمێل چیمەنتۆ دەهات، بەڵام ئێستا ١٠ ئۆتۆمبێل ڕۆژانە دێ”.
ئهو وتی “بەروبومی كشتوكاڵی لەئێستادا ڕێگەی پێنادرێت بێت، بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە كە ڕۆژانە لەپێشتردا ٧٠٠ ئۆتۆمبێل دەهاتە كوردستان، بەڵام ئێستا لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل تێپەڕ ناكات، ئەمەش بۆتە هۆی زەرەرمەندبونی بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیانی ناوچەكە كە لەو مەرزانە كاردەكەن”.
دهربارهی ئەوەی لە ئێستادا بەنیازن كۆمەڵگایەكی بازرگانی دروستبكەن، ئهو وتی “لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان ئاگادارن كە كۆمەڵگایەكی بازرگانانی لەسنوری گەرمیان بەتایبەت كەلار كە خۆی لەچەند كۆگایەكی گەورە دەبینێتەوە دروست دەكرێت، بۆ ئەو بازرگانانەی كاری بازرگانی گەورە دەكەن لەبواری خۆراكو کهرهسهی كارەباییو جۆرەكانی دیكە، كە لەئێستادا لەگەڵ یەكێك لەكۆمپانیا گەورەكان لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەو كۆگایانە دروستبكەن”.
لەبارەی ژمارەی كۆگاكانەوە ڕایگەیاند “بەپێی ئەو نەخشەیەی شارەونی كەلار دایناوە جێگەی (65) كۆگایە هەر كۆگایەكیش لەسەر ڕوبەری (450) مەتر دەبێتو لەو ژمارەیەش ١٤ كۆگایان لەسەر ڕوبەری ٩٠٠ مەتر دروستدەكرێت بۆ ئەو بازرگانانەی كە چالاكیان زۆرترە”.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە لەسنوری گەرمیان ئەحمەد كەلاری وتی “لەسنوری گەرمیان مەرزێكی سەرەكیمان هەیە كە مەرزی پەروێزخانە، بەوتەی لایەنی ئێرانی 47%ی ناردنی كاڵاو شمەكی ئێران لەو مەرزەوە دێتە كوردستانو عێراقەوە، هەروەها مەرزی سەرتەكیش هەیە ئەویش كاری ئاڵوگۆڕی تیادەكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی فراوان نیە، مەرزی تیلەكۆش كراوەتەوە لەئێستادا تەنها كاری كۆڵبەری تیا دەكرێت لەهەرێمی كوردستانەوە شت دەڕواتە سنوری ئێرانەوە وەك کهرهسهی كارەباییو خۆراك، بەڵام لەئێرانەوە هیچ شتێك نایەت”.
سەبارەت بەكێشەی بازرگانان، ئهحمهد کهلاری وتی “لەئێستادا بازرگانانی گەرمیان كێشەیان ئەوەیە كاتێك دەیانەوێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەناو ئێراندا بەئۆتۆمبێلی خۆیان بڕۆن دەبێت ئەوان بەناچاری بێنە سلێمانیو لەگەڵ كۆمپانیای هوما بیمە بكەنو دواتر بچنە باشماخو لەوێوە بچنە سنەو كرماشان، ەئەمەش ڕێگەیەكی زۆر دوورە بۆ بازرگانان، لەكاتێكدا لەكەلارەوە یەك كاتژمێرە، بۆیە داوا لەحكومەت دەكەم ئاوڕ لەو كێشەیه بداتەوە، چونكە لایەنی ئێرانی ڕایانگەیاندوە لارییان نیە لەو ڕێگەیەوە هاتوچۆ بكرێت، بەڵام گومرگی خۆمان ڕێگە نادات ئۆتۆمبێلی بازرگانەكان بڕواتە ئەودیوەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش چەندین جار لایەنە پەیوەندارەكانم ئاگادار كردۆتەوە بەڵام بێ ئەنجام بووە”.