داهاتی كامێراكان زیاتر لە (30)ملیار دینار بوە


بەپێی ئامارەكانی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی (2016)دا نزیكەی (800) كەس لە پارێزگاكانی هەرێم‌و كەركوك بە ڕوداوەكانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، لەهەمان ساڵدا داهاتی هاتوچۆ نزیكەی (130 ملیار) دینار بوە.

خراپی رێگاوبانەكان‌و نزمی كوالێتی ئوتومبێل‌و پابەندنەبونی شۆفێران بە رێنماییەكانی هاتوچۆو نەبونی هۆكارەكانی گواستنەوە، ئەمانە ژمارەیەك هۆكاری سەرەكین بۆ زیادبونی روداوەكانی هاتوچۆن لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، لە ساڵی (2016)دا روداوەكانی هاتوچۆ بەڕێژەیەكی بەرچاو لە پارێزگاكانی هەرێم‌و كەركوك زیادیان كردوە.

لە 2016دا نزیكەی (4 هەزارو 900) روداوی هاتوچۆ تۆمار كراون‌و بەتێكڕا هەمو مانگێك (67) كەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو (400) كەسیش برینداربون.

ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی ئوتومبێل رێژەی ستانداری جیهانی لە هەرێم تێپەڕاندوەو پێدانی مۆڵەتی شۆفێریش بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردوە.

ئامارەكانی هاتوچۆ لە ساڵی (2016)دا: 

• نزیكەی (800) كەس بە روداوەكانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو (11 هەزار) كەس بریندار بون.
• (ملیۆنێك‌و 600 هەزار) مۆڵەتی شۆفێری دراوەتە هاوڵاتیان.
• (ملیۆنێك‌و 600 هەزار) ئۆتۆمبێل لە هەرێم تۆماركراون لەگەڵ (80 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ.

قەیرانی دارایی‌و شەڕی “داعش”و كەمبونەوەی كارو راگرتنی پرۆژەكان وایانكرد، داهاتی هاوڵاتیان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمبێتەوە، لە پارێزگای سلێمانی‌و دهۆك هاوردەكردنی ئوتومبێل بەبەراورد بەپێش قەیرانەكە، بەڕێژەی لە 50% كەمیكردوە، لە هەولێریش بەڕێژەی لە 40% هاوردەكردنی ئوتومبێل كەمبوەتەوە.

سەرباری كەمبونەوەی رێژەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل، بەڵام خراپی رێگاوبان‌و خراپی دۆخی سایكۆلۆژی هاوڵاویان وایانكردوە روداوەكانی هاتوچۆ لەهەڵكشاندا بن.

• لە ساڵی (2016)دا نزیكەی (57 هەزار) ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم كراون.
• لەساڵی (2013)دا نزیكەی (104 هەزار) ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم كراون.
• هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بەبەراورد بە سێ ساڵی رابردو 45% كەمیكردوە.

وێڕای باری دارایی هاوڵاتیان‌و كەمبونەوەی موچەو داهات، هەر لە ساڵی (2016)دا بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم باج رسوماتەكانی هاتوچۆ بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادكران، سەرباری ئەمە جیاواز لە ساڵانی رابردو بەڕێوبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێم داهاتیان بەڕێژەیەك كەمیكردوە، بەڵام بەبڕیاری وەزارەتی دارایی، هیچ بڕێك لەو داهاتە نادرێتەوە بە بەڕێوبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، ئەمە لەكاتاێكدایە پێش قەیرانەكە رێژەی 50% داهاتی هاتوچۆ بۆ رێگاوبانەكان‌و پێداویستییەكانی هاتوچۆ لەسەر شەقام‌و فەرمانگەكان خەرج دەكرا.

•  باج‌و رسومات‌و گومرگ‌و سزاكانی هاتوچۆ بەڕێژەی (50%) زیادی كردوە.
• ساڵانە بەبەهای نزیكەی (ملیارێك) دۆلار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم دەكرێت.
• لە 2016دا داهاتی بەڕێوبەرایەتییەكانی هاتوچۆ نزیكەی (130 ملیار) دینار بوە.
• داهاتی كامێراكانی چاودێری لە ساڵی 2016دا لە پارێزگاكانی هەرێم زیاتر لە (30 ملیار) دینار بوە.