ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایدەكات، لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا نزیكەی 6 هەزار پرۆژەی ستراتیژی لە هەرێمی كورستان رایگراوەو 900 بەڵێندەریش مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندوە.
(خەدیجە عەبدولجەبار) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندوە، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ماوەی 3 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت نزیكەی 6 هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری ستراتیژی لەكاركەوتوون.
وتیشی: بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە یەكێتی بەڵێندەرانی هەرێمەوە دەستیان كەوتووە، بەهۆی نەبوونی پارە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانیان 900 بەڵێندەر مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندوە، ئەوەش وایكردووە رێژەی بێكاری بەرزبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، كە لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین كاركردن لە 400 پڕۆژەی گرنگ راگیراوە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، كە هۆكاری پشت مایەپووچبوونی بەڵێندەران و وەستانی پڕۆژەكان نەبوونی بەرنامەیەكی گونجاوی حكومەتە بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و و تیشی، بەشێك لە پڕۆەكان 8 ساڵیان بەسەردا تێپەریووەو تائێستاش تەواو نەكراون.