نه‌وت .. چاره‌نووسێكی نادیار له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا


چاره‌نوسی‌ نه‌وت وه‌كو چاره‌نوسی‌ سیاسه‌تی‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد لێهاتووه‌، كه‌س نازانێت بۆ كوێ‌ ده‌ڕوات و سبه‌ی‌ چی‌ ڕووده‌دات؟, بۆیه‌ دیارنیه‌ 2017 ئه‌م پرسه‌ له‌نێوان هه‌رێم به‌غداد چی‌ لێدێت؟

یه‌كه‌م كۆنگره‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆكوه‌زیراتی‌ عێراقی‌ ته‌وه‌ره‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ته‌رخانكرا بۆ كێشه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و عێراق, عه‌بادی‌ هه‌رێمی‌ به‌ناشه‌فاف وه‌سفكرد وتی‌ “هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌و بڕه‌ی‌ بۆی دیاریكراوه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم هه‌نارده‌ ده‌كات و پێویسته‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بدات”.

ئه‌م قسه‌نه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ له‌كاتێكدایه‌ نه‌به‌غداد تائیستا ئاماژه‌یه‌كی‌ ڕونی‌ بۆ ناردنی‌ پشكی‌ 2017ی‌ هه‌رێم ده‌ربڕیووه‌ و نه‌هه‌رێمیش ئاماده‌یه‌ نه‌وتی‌ خۆی‌ ڕاده‌ستی‌ به‌غداد بكات, بۆیه‌ ئێستا پرسه‌كه‌ له‌شه‌ڕی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ هه‌ردوولا ماوه‌ته‌وه‌.

پرسی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ئێستا بووه‌ته‌ پرسێكی‌ هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌, دواهه‌مین پێشهاتیش ڕاكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ سلێمانیه‌ بۆ ئێران كه‌ به‌پێی‌ میدیای‌ ئێرانی‌ بێت، رێكه‌وتنێكی له‌و جۆره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌، وه‌زیری نه‌وت بۆ عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجامی بدات.

به‌ڕای‌ شاره‌زایان پرسی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ر له‌لایه‌نه‌ ئابورییه‌كه‌ی‌ هاوكات كارتێكی‌ سیاسی دوو جه‌مسه‌ره‌ جه‌مسه‌رێكیان بۆ كورد كارتی‌ فریاد ڕه‌سه‌و جه‌مسه‌رێكی‌ دیكه‌شیان ڕه‌نگه‌ جه‌هه‌نه‌مێكی‌ سیاسی‌ بۆ كورد دروستبكات, وه‌كو چۆن ئێستا سه‌رداوه‌كانی‌ دیارن، بۆیه‌ وڵاتان به‌تایبه‌ت توركیا ئێران ئه‌م پرسه‌یان وه‌كو پرسێكی‌ ستراتژی‌ وه‌رگرتووه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ جدی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌یی‌:

ده‌كرێت كورد چۆن توانی‌ به‌هۆی‌ كارتی‌ نه‌وته‌وه‌ نه‌شته‌ر بخاته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ عێراق ئه‌گه‌ری‌ پارچه‌كردنی‌ بێهێنته‌ ئاراوه‌ بێمنه‌تی‌ بكات له‌به‌غداد, به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌كرێت ئه‌م كارته‌ وه‌كو بنه‌مای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابوری‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندو و نوێ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ زلهێزه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسی‌ لای‌ ئێران و توركیا دروستكردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ حساباتی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

 له‌لایه‌كی‌ تر ده‌كرێت ئه‌م كاره‌ته‌ به‌كاره‌سات بۆ كورد ته‌واوبێت وه‌كو ئێستا سه‌ره‌تای‌ كاره‌ساته‌كان ده‌ركه‌وتوون، ئێران و توركیا و به‌غداد كه‌وتووه‌ته‌ جوڵه‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ نابێت عێراق ڕووبه‌ڕوی‌ دابه‌شكاری‌ جوگرافی‌ بێته‌وه‌, ئه‌مه‌ش مه‌ترسێكی‌ گه‌وره‌یه‌ كورد ده‌كات به‌ژێر پێی‌ زلهێزه‌ هه‌رێمییه‌كانه‌وه‌، هاوكات دوا پێشبینیه‌كانیش بۆ كورد گه‌شبیتانه‌ نین وه‌كو دامه‌زراوه‌ی‌ ستارتفۆردی‌ ئه‌مریكی‌ باسی‌ كردووه‌.

شاره‌زایان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت خۆی‌ له‌م پرسه‌دا یه‌كلایی‌ بكاته‌وه‌ چی‌ ده‌وێت و خواستی‌ چیه‌, بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌م پرسه‌ له‌پرسی‌ تاكه‌ لایه‌ن و كه‌سیه‌وه‌ بكرێت به‌پرسێكی‌ نیشتمانی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ته‌كان له‌به‌رده‌م كورد ده‌كاته‌وه‌ ڕه‌نكه‌ كورد له‌ده‌رگا جه‌هه‌نه‌میه‌كه‌ ڕزگاربكات.