زیاتر لە 500 هەزار كەس لەرێی فرۆكەخانەی سلێمانییەوە گەشتیان كردووە

 
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكییەكانی فڕۆكەخانەكەی لە ماوەی ساڵی رابردوو 2016دا ئاشكرا كرد. لەو ساڵەشدا زیاتر لە 525 هەزار گەشتیار لە رێگەی فڕۆكەخانەكەوە گەشتیان كردووە.

 تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی،  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری كارو چالاكییەكانی فڕۆكەخانەكەی لەماوەی ساڵی رابردوو خستەڕوو، بەپێی ئەو ئامارەش لەماوەی ئەو ساڵەدا 251 هەزار و 343 كەس لە رێگەی فڕۆكەخانەكەوە هاتونەتە هەرێمی كوردستان و 274 هەزار و 650 كەسیش بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان گەشتیان كردووە. 

بەپێی ئامارەكە، ژمارەی ئەو فڕۆكانەی لەماوەی ساڵی رابردوودا هاتوونەتە فڕۆكەخانە چوار هەزار و 234 فڕۆكە بووە، ژمارەی فڕۆكە رۆشتووەكانیش چوار هەزار و 230 فڕۆكە بووە. 

 بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لە بارەی ئاماری كەلوپەلی هاتوو و رۆشتوو لە رێگەی فڕۆكەخانەكەوە وتی: “لەماوەی ساڵی 2016دا 19 هەزار و 980 تۆن كاڵا و شمەك هاتوو و رۆشتوو هەبووە، زۆرینەی ئەو كاڵایانەش هاتوو بووە كە بڕەكەی 16 هەزار و 570 تەن بووە و تەنها سێ‌ هەزار و 410 تۆن كاڵای هەناردە هەبووە”.  

بەگوێرەی ئامارەكە لەماوەی ساڵی رابردوودا 156 بەڵگەنامەی ساختە دەستیان بەسەردا گیراوە، زۆربەی ئەو بەڵگەنامانەش بەڵگەنامەی هاووڵاتییانی بیانی بووە.  فڕۆكەخانەی سلێمانی هەفتانە زیاتر لە 150 گەشتی بۆ ناوخۆی عێراق و وڵاتانی جیهان هەیە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكەش ئاماژەی كرد بەوەی زۆربەی گەشتەكانیان بۆ توركیا بووە و گەشتیاران لەوێوە روویان لە وڵاتانی تر كردووە.