دۆناڵد ترەمپ هێرش دەكاتەسەر كۆمپانیای جێنەراڵ مۆتۆرزو ئاگاداری دەكاتەوە كە ئەگەر ئۆتۆمبێلەكانی لە ئەمریكا دروست نەكات، باجێكی زۆری دەخاتەسەر، هاوكات كۆمپانیای فۆرد بڕیاریدا دروستكردنی كارگەیەكی ئۆتۆمبێل لە مەكسیك هەڵبوەشێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت: لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا باجێكی زۆر دەخاتەسەر كۆمپانیای جێنەراڵ مۆتۆرز، چونكە بەشێك لە ئۆتۆمبێبەكانی بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلی جۆری شۆفرلێت كروز لە مەكسیك دروست دەكات. ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو كۆمپانیایانەی كە لەدەرەوەی وڵات كار دەكەن، باجێكی زۆریان لێ وەردەگیرێت، ئەگەر كارگەكانیان بۆ ناو خاكی ئەمریكا نەگوازنەوە.
لەدوای هەڕەشەكانی ترەمپیش، كۆمپانیای فۆرد بڕیاریدا دروستكردنی كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە مەكسیك هەڵبوەشێنێتەوە، لەوبارەیەشەوە مارك فیڵ دز سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فۆرد رایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دروستكردنی كارگەیەكی ئۆتۆمبێل لە مەكسیك، لەبەرئەوەیە كە خواست لەسەر ئۆتۆمبێل لە ئەمریكای باكوور كەمیكردوەو هیچ پەیوەندیەكی بەوەوە نیە كە ترەمپ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا.