بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای سنە ئاشكرای دەكات: لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، نزیكەی 500 هەزار تۆن كاڵاو شمەك لەخاڵی سنوری باشماخو سەیرانبەنەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوەو نزیكەی 20 هەزار تۆن كاڵاش لە هەرێمەوە هەناردەی ئێران كراوە.
بەختیار ڕەحمانی پور بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای سنە بەئاژانسی ئیرنای راگەیاندوە: لەماوەی 9 مانگی رابردوودا 340 هەزار تۆن كاڵاو شمەك، بەبڕی 214 ملیۆن دۆلار لە مەرزی باشماخەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە، هەر لەو ماوەیەشدا 74 هەزار تۆن كاڵا بەبڕی 12 ملیۆن دۆلار لەخاڵی سنوری سەیرانبەنەوە هەناردەی هەناردەی هەرێم كراوە، كە بریتی بوون لە چیمەنتۆو شوشەو ئیزۆگامو شتومەكی پلاستیكی. وتیشی: لەماوەی 9 مانگی رابردوودا لەهەردوو مەرزی باشماخو سەیرانبەنەوە، 19 هەزارو 500 تۆن كاڵاو شمەك لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی ئێران كراوەو بەهای ئەو كاڵایانەش نزیكەی 23 ملیۆن دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای سنە راشیگەیاندووە: هەناردەكردنی كاڵاو شمەك لە سنورەكانی پارێزگای سنەوە، بەراورد بەساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 8 پۆینت 36 لەڕووی بەهای كاڵاكانەوە زیادیكردوە.