ئێران: ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە کە باس لە رێككەوتنی راكێشانی بۆری نەوتی هەرێم دەکەن


وەزارەتی نەوتی ئێران ڕەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبێت، بۆ راكێشانی بۆری گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتەكەی. 

فەرمانگەی پەیوەندیە گشتییەكان لە وەزارەتی نەوتی ئێران لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: كە تاوەكو ئێستا هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێراندا ئیمزا نەكراوە، بۆ راكێشانی بۆری گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ خاكی ئێران. بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، بڕیاردان لەسەر بابەتێكی لەوجۆرە پەیوەستە بە سەردانی هەفتەی داهاتووی بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بۆ عیراق‌و ئەنجامی دانوستانەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە. 

وەزارەتی نەوتی ئێران تەئكیدی كردۆتەوە، كە بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵێك لەسەر ئەو بابەتە پێش سەردانەكەی وەزیری نەوتی ئێران بۆ بەغدا، بێ‌ بنەمایە‌و دوورە لە راستیەوە. بەرپرسانی حكومەتی هەرێم‌و كۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەی چەند ساڵێكە لەبارەی راكێشانی بۆری گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران لە گفتوگۆدان‌و لەساڵی 2015شەوە هەردوولا ڕەزامەندیان لەسەر راكێشانی بۆری نەوت پیشانداوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.