بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەنقەرە پێی وایە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ سوریاو عێراق، گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
نوردەین جانیکلی جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رایگەیاند: ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی تایبەت بە ئاگربڕ لە سوریا، رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی و بەھۆیەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ ھەریەک لە عێراق و سوریا لە ساڵی ئایندەدا، گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا سەرنجی بۆئەوەش راکێشا: دوابەدوای فراوانکردن و برەودان بە رێککەوتننامەی گومرگی نێوانیان، پەیوەندی ئابووری نێوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێتەوەو بەھۆیەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا، روو لە زیاد بوون دەکات.