قایمقامی قەسری شیرین ئاشكرایدەكات: لە 9 مانگی رابردوودا بەبەهای 829 ملیۆن دۆلار كاڵاو شمەكیان لە خاڵی سنووری پەروێزخان و خەسرەویەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان و عیراق كردووە.
فرامارز ئەكبەری قایمقامی قەزای قەسری شیرینی سەر بەپارێزگای كرماشان لە ئێران رایگەیاندووە: لەماوەی 9 مانگی كۆتایی ساڵی 2016 دا لە خاڵی سنووری پەروێزخانەوە بەبەهای 779 ملیۆن دۆلار كاڵاو شمەكیان هەناردەی هەرێمی كوردستان كردوەو دووپاتیشكردۆتەوە: ئەو سنوورە بۆ ئەوان زۆر گرنگەو بەتەنها لەو خاڵە گومركیەوە لەسەدا 54ی كۆی هەناردەی وڵاتەكەی روانەی عیراق دەكرێت.
هەروەها لەخاڵی سنووری خەسرەویەوە، بەبەهای 50 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ئێرانی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق گواستراوەتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە: هەر لەو ماوەیەدا رۆژانە هەزار و 700 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەرهەمی ئێرانیان لەسنوورانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عیراق گواستۆتەوەو بڕی ئەو بەرهەمەش كە لەو ماوەیەدا هەناردەكراوە زیاتر لە 2 ملیۆن و 560 هەزار تۆن بووە.