وەزیری نەوتی ئێران بەسەردانێكی رەسمی دەگاتە عیراق و گفتوگۆ لەسەر دۆسیەیی نەوت و غازی هەر دوولاو فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كورستان لەرێگەی تارانەوە دەكرێت.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویكردۆتەوە: بڕیارە هەفتەی داهاتوو بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران چاوی بە جەبار لعێبی هاوتا عیراقیەكەی بكەوێت و گفتوگۆ لەسەر داهاتووی بازاڕەكانی نەوت و ڕۆڵی هەردوو وڵات لە رێكخراوی ئۆپیك بكرێت، هەر لەو سەردانەشدا تاوتۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و راكێشانی بۆری نەوت لە پارێزگای سلێمانیەوە بۆخاكی ئێران دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە: لەخشتەی كاری ئەو دیدارەدا هاتووە، كە گفتوگۆ لەسەر ڕاكێشانی بۆری نەوتی بەسرە بۆ پاڵاوگەی ئەبادان لە رۆژئاوای ئێران و بەپێچەوانەوە گێڕانەوەی بەرهەمە نەوتیەكان لەرێگەی ئەو بۆریەوە بۆ عیراق دەكرێت. جگەلەوەش بڕیارە باس لە گرێبەستی هەناردەكردنی غاز بۆ بەغدا بكرێت كە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی چەند كێشەیەكی داراییەوە راگیرابوو، بەپێی ئەو گرێبەستەش پێویستە تاران رۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا غاز لەرێگەی بۆریەو بۆ بۆ وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەغدا هەناردە بكات.