شێوازه‌ جیاوازه‌كانى گه‌شه‌ى ئابورى


روبه‌ڕوو بونه‌وه‌ى كلتوره‌ جیاوازه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ى ئابورییدا چون یه‌ك نین، ستراكتۆره‌ سیاسییه‌ هاوشێوه‌كان له‌شوێنێكدا زه‌مینه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن‌و له‌شوێنێكى دیكه‌دا ده‌بنه‌ ئاسته‌نگێكى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى گه‌شه‌دا.

وڵاتانى جیاواز په‌یڕه‌وى بژارده‌ى جیاواز ده‌كه‌ن بۆ گه‌شه‌ى ئابورییان، هه‌ریه‌كه‌و شێوازێكى تایبه‌ت بۆ گه‌شه‌ى ئابورى‌و چۆنیه‌تى دروستكردنى رایه‌ڵى په‌یوه‌ندى له‌نێوان سێكته‌ره‌ ئابورییه‌ جیاوازه‌كانیدا داده‌هێنێت، به‌تایبه‌تى له‌نێوان پیشه‌سازى‌و كشتوكاڵ‌و گه‌شنیاریى، بۆ ئه‌وه‌ى فره‌ جۆریى به‌سه‌رچاوه‌كانى داهاتیان ببه‌خشن. 

وڵاتان له‌ڕوى ده‌ستگه‌یشتنیان به‌سه‌رمایه‌و ته‌كنه‌لۆژیا له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كانیاندا له‌پێگه‌یه‌كى یه‌كساندا نین. هه‌لومه‌رجى جوگرافیایى‌و هه‌ڵكه‌وته‌ى ستراتیژیى وڵاتان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چاره‌نوسى ئابورى ئه‌وان ده‌بێت، لیستى فاكته‌ره‌ كاریگه‌ره‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى گه‌شه‌ ده‌كرێت زۆر دورودرێژه‌، به‌ڵام خاڵى هاوبه‌شیان په‌یڕه‌وى كردنیانه‌ له‌ئابورى ئازادو بازاڕى ئازاد.