ئێران: بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار فەرش هەناردەی ئەمریكا دەكرێت


هەناردەكردنی فەرشی ئێران بۆ ئەمریكا دەستپێدەكاتەوەو لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆكانیشەوە تائێستا، ئێران بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار فەرشی بە ئەمریكا فرۆشتووە.

حەمید كارگەر بەرپرسی ناوەندی نیشتمانی فەرشی ئێران رایگەیاند: دوابەدوای لابردنی سزا ئابوورییەكانی سەر وڵاتەكەی هەناردەكردنی فەرش بۆ ئەمریكا دەستیپێكردۆتەوەو لە 8 مانگی یەكەمی ساڵی 2016دا،  بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار فەرشی كڕیووە، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە سفر بووە. 

وتیشی: هەناردەكردنی فەرشی ئێرانی بۆ وڵاتی چین زیادیكردوەو لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووشدا لە هەشت هەزار دۆلارەوە بۆ 8 ملیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە.

بەرپرسی ناوەندی نیشتمانی فەرشی ئێرانی ئەوەشی خستەڕوو: لە سەرجەم پارێزگانی وڵاتەكەیدا پیشەی فەرش چنین بوونی هەیەو نزیكەی  یەك ملیۆن كەس لەو بوارەدا كاردەكەن و لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین دەكەن، هەروەها فەرشی ئێرانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كڕیاری زۆرباشی هەیە.