كۆمپانیاكانی هه‌رێم ده‌توانن له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق كاربكه‌ن

 
وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیاكان ده‌توانن له‌ هه‌رێم و عیراقدا كاربكه‌ن.
دڵزار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم لە لێدوانێكیدا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندوە: هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق یان هه‌رێم تۆمار كرابێت ئه‌وا ده‌توانێت له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێم و عیراقدا كاربكات، ئه‌م بڕیاره‌ش دوای ئه‌وه‌ ده‌رچوو كه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق ئه‌نجامدا.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیاكان وتیشی: ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كی هه‌رێم بیه‌وێت له‌ خواروو و ناوه‌ڕاست كاربكات، ده‌بێت پشتگیری لای وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم ببات كه‌ رێگه‌ پێدراوه‌ و بۆ كۆمپانیاكانی ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌توانن كاربكه‌ن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و بڕیاره‌ كه‌ ئێستا له‌بواری جێبه‌جێ كردندایه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ مۆڵه‌تیان نیه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیا هه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌تیان نیه‌ یان نوێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌وانین.