حكومەتی هەرێم یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەران قەرزدارە


سەرۆكی لقی سلێمانی  یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەران قەرزدارە‌و ماوەی 18 مانگیشە یەك دیناریان بۆ خەرج نەكراوە.

ناجی شێخ عیزەدین سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران ڕاگەیاند: كەس نییە بەرگری لە بەڵێندەران ‌بكات، بۆیە حكومەت قەرزەكانیان ناداتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەڵێندەران ترلیۆنێك دینار كە نزیكەی 950 ملیۆن دۆلار دەكات، لای حكومەتی هەرێمە، لەو بڕەش نیوەی پارەی بەڵێندەرانی پارێزگای سلێمانی‌ و هەڵەبجەیە.

ناجی شێخ عیزەدین تەئكیدیكردەوە: كە ململانێی سیاسی هەیە‌و ئابووری بەكاردەهێنرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسە سیاسییەكان، لەبەر ئەوە هیچ ئەمەلێكمان نییە بۆ وەرگرتنەوەی پارەكانمان، تا وەزعی سیاسی نەكەوێت بە‌لایەكدا، ئێمەشیان لەناو ئەو بەرداشەدا هاڕیووە.

بەڵێندەران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 13 گردبوونەوەیان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانیان ئەنجام داوە‌و 113 نووسراویشیان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا 37 كۆبوونەوەی ڕەسمیان لەگەڵ حكومەت ‌و وەزیرە پەیوەندیدارەكان كردووە.

بە‌پێی‌ ئامارێكی‌ یەكێتی‌ بەڵێندەرانی كوردستان 3 هەزار و 600 كۆمپانیای‌ بەڵێندەرایەتی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان هەن، لەو ژمارەیەش هەزار‌و 248 كۆمپانیایان‌ لە سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانیدان‌و بەهۆی قەیرانی داراییشەوە 850 بەڵێندەر مایەپووچ بوون.