حكومه‌تی عیراق: هه‌رێم بۆی نییه‌ بیره‌نه‌وت بفرۆشێت


وته‌بێژی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان بۆی نییه‌ كێڵگه‌ی نه‌وتیی بفرۆشێت و ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عیراقه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا.

 ئه‌وه‌ش له‌ پاش دزه‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سایتی ویكلیكیس كه‌ تێیدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان پێشنیاری بۆ هاوتا توركییه‌كه‌ی كردووه‌ بۆ فرۆشتنی ژماره‌یه‌ك له‌ پشكی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم به‌ حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ بڕی پێنج ملیار دۆلار كه‌ زۆربه‌یان بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی توركیا و كۆمپانیاكانی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێم.

ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان ئه‌و پێشنیاره‌ی له‌ 19ی 3ی ئه‌مساڵدا ئاڕاسته‌ی به‌رات به‌یراك وه‌زیری وزه‌ی توركیا كردووه‌ بۆ فرۆشتنی به‌شێك له‌ پشكی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ توركیا بۆ دانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌وانه‌ یه‌ك ملیار دۆلار بۆ حكوومه‌تی توركیا له‌ به‌رامبه‌ر قه‌رزی پێشتر كه‌ لێی وه‌رگرتووه‌ ‌و یه‌ك ملیار دۆلاری تریش له‌و پاره‌یه‌ بدرێته‌ كۆمپانیاكانی بیناسازیی توركیی كاركه‌ر له‌ هه‌رێم و 514 ملیۆن دۆلاریش بۆ كۆمپانیایه‌كی توركی تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزاریی نه‌وتیی له‌ هه‌رێم.

سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند: له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕاستی و درووستییه‌كه‌ی.

له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ دان به‌ درووستیی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا ده‌نێت، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ نه‌كراوه‌.

سه‌عد حه‌دیسی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆی نییه‌ و ناشتوانێت كێڵگه‌ی نه‌وتیی بفرۆشێت به‌ وڵاتێكی تر و به‌ پێی ده‌ستوور ده‌بێت له‌ پرسی نه‌وتدا راوێژ به‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی بكات.
سه‌عد حه‌دیسی  راشیگه‌یاندووه‌ ته‌نانه‌ت وه‌به‌رهێنان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمیشدا ده‌بێت به‌ پرس و راوێژی به‌غدا بێت.
 
س: ئاژانس