مەترسی لەسەر کارگەکانی سلێمانی ھەیە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیاریدا نەوتی رەش بە کارگەکان نەدات و بەشێکی کارگەکانی سنووری سلێمانی دەڵێن: “نەوت نەبێت ناچارین کارگەکانمان دابخەین”.
 
بەگوێرەی ئامارەکان لەسەدا 30ـی کارگەکانی کوردستان لە شاری سلێمانین و بەشێکیان بەرهەمەکان جگە لە پڕکردنەوەی ناوخۆ رەوانەی دەرەوە دەکەن، بەڵام ئێستا مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی داخستنی کارگەکان زیانی زۆری ئابووری بەر باشووری کوردستان بکەوێت. رەنگە بریارەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گڕ و تینی ئەم ئاگرە دابمركێنێتەوە، چونكە لەمەودوا نەوتی رەش بەكارگەكان نادرێت، و دەبێت خاوەن كارگەكان لە نێو بازاڕەكاندا نەوتی رەش بۆ كارگەكانیان دابین بكەن، جگە لەوەی كە چەندین كێشەی دیكەش وایكردووە كە كارەكانی ئەوان سست بكات.
 
عومەر ئیسماعیل کە خاوەن كارگەیە لە سلێمانی رايگەیاند” نەفتی رەش ئێستا دەچێتە دەرەوە و ئەمەش وادەكات كە كارگەكانی ناوخۆ كولفەیان زیاد بێت و نەتوانن وەك پێویست ئەو نەوتەی دەیانەوێت بەدەستیبهێنن و بتوانن مونافەسەی بەرهەمی دەرەوە بكەن ، مەگەر دەرگاكان دابخەین و كار نەكەین”
 
هەمیشە كارگە خۆماڵییەكان بە شادەماری ژێرخانی ئابووری هەژمار دەكرێن، بەگوتەی خاوەنی كارگەكان لەم دۆخەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، توانیویانە ساڵانە زیاتر لە ملیارێك دۆلار داهات بەدەست بهێنن.
 
بەختیار مەحموود، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی  رايگەیاند ” لەو لاوە بیر لەوە نەكراوەتەوە كە ئەم كارگانە ئەگەر دابخرێن چەندەها كرێكار تووشی بەتاڵە دەبن و بەرهەمی ناوخۆمان تووشی كێشە دەبێت، لەجیاتی ئەوەی ئەم پارەیە بچێتە دەرەوە و لە ناوخۆدا بەگەڕ بخرێتەوە کە زۆرترین ئیش فەراهەم دەكات”
 
بەپێی ئاماری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی 30% كارگەكانی باشووری كوردستان لە شاری سلێمانییە، و بەرهەمی ئەو كارگانە جگە لەوەی پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆ دابین دەكەن، بەرهەمەكانیان دەنێردرێنە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
ڕووداو