ئامینه‌ ناز ده‌كات..


خانمى یه‌كه‌مى توركیا، ئامینه‌ ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر كڕینى پۆشاكى برانده‌ گرانبه‌هاكانى جیهان‌و توحوفیات ئالوده‌ بووه‌، ئه‌و له‌كۆشكێكدا ده‌ژى كه‌ نرخه‌كه‌ى 650 ملیۆن یۆرۆیه‌، چایه‌كیش ده‌خواته‌وه‌ كه‌ كیلۆى به‌ 2000 یۆرۆیه‌، كه‌چى هێشتا پاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌ ژیانێكى ساده‌و ساكارى گونجاو له‌گه‌ڵ به‌ها ئیسلامییه‌كان ده‌ژى.

هه‌رچه‌نده‌ ئامینه‌ى ئه‌ردۆغان له‌كوده‌تاى ته‌موز رزگارى بوو، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و وێنانه‌ى له‌میدیاكانى توركیاو جیهانه‌وه‌ بڵاوده‌بنه‌وه‌، شێوازى ژیانى پێچه‌وانه‌ى وێنه‌ى ژنێكى ساده‌و ساكاره‌ كه‌ به‌كه‌م رازی بێت.

رۆژنامه‌ى ده‌یلى مه‌یلى به‌ریتانى، له‌راپۆرتێكیدا سه‌باره‌ت به‌ئامینه‌ ئه‌ردۆغان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خانمى یه‌كه‌مى توركیا زۆر حه‌زى له‌گه‌ڕانه‌ به‌بازاڕدا، به‌تایبه‌تى له‌كاتى گه‌شته‌كانیدا به‌جیهاندا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغانى هاوسه‌رى، به‌كۆگاى پۆشاكه‌كان‌و به‌دواى دیزاینه‌ره‌ ناوداره‌كانى جلوبه‌رگ‌و شوێنى فرۆشتنى توحوفیاتدا ده‌گه‌ڕێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌ك له‌چوارى توركیا له‌هه‌ژارییدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن‌و ڕەوشی ئابوری تورکیا لەدۆخێکی خراپ‌و دژواردایە و لیرە تورکی لەسەدە جل‌و پێنجی بەهاکەی لەدەست داوە، به‌ڵام ئامینه‌ى ته‌مه‌ن 60 ساڵ‌و دایكى چوار مندال، چایه‌ك ده‌خواته‌وه‌ كه‌ كیلۆى به‌ 2 هه‌زار یۆریه‌و ئه‌و كوپانه‌شى تیا ده‌یخواته‌وه‌ به‌زێڕ روكه‌ش كراوه‌ كه‌ نرخى هه‌ر یه‌كێكیان 300 یۆرۆیه‌. 

ده‌یلى مه‌یل ده‌ڵێت، ئامینه‌ له‌وارشۆ 40 هه‌زار یۆرۆى له‌بازاڕى توحفیات خه‌رج كردوه‌‌و له‌گه‌ڵ خۆى بردویه‌تیه‌وه‌ بۆ كۆشكه‌كانى له‌توركیا، كه‌ یه‌كێكیان روبه‌ره‌كه‌ى 2500 مه‌تره‌ له‌ئه‌نقه‌ره‌و نرخه‌كه‌ى 650 ملیۆن یۆرۆیه‌، دیوارى ئه‌م كۆشكه‌ به‌ئاوریشم داپۆشراوه‌و ده‌رگاو ده‌سكى ده‌رگاى ژوره‌كانیشى به‌زێر روپۆش كراون. چلچراو مۆبیلیات‌و گژو گیا گرانبه‌هاكانى حه‌وشه‌كه‌ى له‌ئه‌ڵمانیا‌و به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نسا‌و ئیتاڵیا‌و هۆڵه‌نداو هندستانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م كۆشكه‌ هێنراون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌میدیاكانى سه‌ر به‌ئاكه‌په‌وه‌ وا باسى خانمى یه‌كه‌م ده‌كرێت، كه‌ ژنێكى ژیر‌و زیره‌كه‌ له‌ماڵدارى‌و ده‌ست به‌پاره‌وه‌ ده‌گرێ‌و عانه‌ به‌عانه‌ حسابى خه‌رجى ماڵه‌كه‌ى ده‌كات‌و خۆیشى له‌ماڵه‌وه‌ چێشت لێده‌نێت‌و سركه‌ دروستده‌كات.

به‌پێى گۆڤارى فۆربسى ئه‌مه‌ریكى، ئه‌ردۆغان له‌ترۆپكى موچه‌وه‌رگرانى سه‌ركرده‌كانى جیهاندایه‌، كه‌ سه‌روه‌ت‌و سامانه‌كه‌ى به‌ملیۆنه‌ها یۆرۆ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، له‌گه‌ل تێپه‌ڕینى كاتدا به‌هۆى وه‌به‌رهێنانیه‌وه‌ له‌بانك‌و كڕین‌و فرۆشى موڵك‌و خانوبه‌ره‌ زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ چه‌ندین ریستۆرانتى گه‌وره‌ى له‌ئه‌سته‌نبول هه‌یه‌.

 ئا: ڕێ – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی