نموونەی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە پشكنین لە وڵاتی ئەڵمانیا دەردەچێتو بەم زووانە هەناردەی ئەو وڵاتە دەكرێت، ئێستاش رۆژانەی 50 هەزار قوتوو دۆشاو دەخاتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
لە دەروازی چوونە ناوەوەی شاری هەڵەبجە، لەسەر رێگای سەرەكیی (هەڵەبجە – سلێمانی)، كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، ماوەی سێ مانگە كراوەتەوە، بۆ ماوەی دوو مانگ بە شێوەی تێست كاری كرد، ئێستا رۆژانە 200 تۆن تەماتەی جووتیارانی سنوورەكە وەردەگرێتو دەیكاتە دۆشاو و دەیخاتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانو شارەكانی تری عیراقەوە.
لە پشكنین دەرچووە
هەرێمی كوردستان، ساڵانە پێویستی بە 50 ملیۆن قوتوو دۆشاوی تەماتە هەیەو كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزووریش ساڵانە 20 ملیۆن قوتوو بەرهەمی دەبێت.
كارگەكە هەوڵێكی تاكە كەسییەو خاوەنەكەی نیازی فراوانكردنی هەیە، بۆ ئەوەش هەنگاوی ناوەو لە چەند رۆژی رابردوودا بەرهەمی كارگەكەی بۆ تاقیكردنەوە ناردە وڵاتی ئەڵمانیاو لە پشكنین دەرچوو.
كامەران محەمەد خاوەنی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور رایگەیاندووە، دۆشاوی تەماتەی كارگەكەیان بردووەتە ئەڵمانیاو پشكنینیان بۆ كردووە، لە پشكنین دەرچووە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا بەرهەمەكەیان دەنێرن بۆ ئەو وڵاتە.
30 كرێكارو ئەندازیارێكی شارەزا
كامەران محەمەد وتیشی: «ماوەی سێ مانگە ئەم كارگەیەمان كردووەتەوەو چەند ئامێرێكمان هێناوە لە دەرەوەی وڵاتو لێرە كاری پێ دەكەین بۆ دروستكردنی دۆشاوی تەماتە، نزیكەی 30 كرێكارو ئەندازیارێكی شارەزا لە بوارەكەدا لێرە كار دەكەن، بۆ ئەوەی دۆشاوی تەماتە دروست بكەین، بەو تەماتانەی كە دەیانهێنینە ئەم كارگەیە».
كارگەكەی كامەران محەمەد، تەنیا بە رۆژ كار دەكات، بە نیازە لە نزیكترین ماوەدا بیكات بە 24 سەعاتی، لە ئێستادا 30 كرێكار كاری تێدا دەكەن، ئەگەر بیكات بە 24 سەعاتی، ئەوە پێویستی بە 100 كرێكار دەبێت.
پشكنین بۆ خاكی هەڵەبجەو شارەزوورو پێنجوێن
كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، كاسبكارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەی ئاگادار كردووەتەوە، هەر كارتۆنێك دۆشاو یەك دۆلار كەمتر لە شارەكانی تر پێیان دەفرۆشێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە كەمتر بیفرۆشن بە دانیشتووانی پارێزگاكە.
دۆشاوی كارگە نوێیەكەی هەرێمی كوردستان، لە تەماتەی ناوچەكە بەرهەم دەهێنرێت، تەماتە كە بەروبوومێكی هاوینەیەو لە وەرزی زستاندا لە ناوچەكە بەرهەمەكەی كەم دەكات، خاوەنی كارگەكە چارەسەریشی بۆ ئەوە دۆزیوەتەوەو تەماتەیەكی زۆری لە جووتیارانی ناوچەكە وەرگرتووەو لەنێو ئامێری تایبەتدا هەڵی گرتوون، بۆ ئەوەی لە هەر چوار وەرزەكەدا كار بكات.
خاوەنی كارگەكە بە نیازیشە، نموونەی خاكی هەڵەبجەو شارەزوورو پێنجوێن، ببات بۆ وڵاتی ئیتاڵیا پشكنینی بۆ بكات تا بزانێت چ جۆرە تۆوێك باشە بیهێنێتەوە هەرێمی كوردستانو بەسەر جووتیارانی ناوچەكەدا دابەشی بكات.
كارگەكە فراوانتر دەكرێت
حەسەن رەزایی ئەندازیاری كارگەی دۆشاوی شارەزوور، بەرهەمی كارگەكەیان بە»كوالێتیی باش» ناو دەباتو رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەو دۆشاوەی لە دەرەوە دێت بەراورد كراون زۆر لەوان كوالێتیی بەرزترو باشترە.
ئەندازیاری كارگەكە دەڵێت: «ئەو دۆشاوی تەماتەیەی لەم كارگەیە دروستی دەكەین هیچ ماددەیەكی تێدا نییە، چونكە ئەوانە كە هاوردە دەكرێن هەموویان ماددەی تریان تێدایە، بەڵام ئەمەی ئێمە تێیدا نییەو تەنها تەماتەی خۆماڵیو زۆر نایابە».
لە ساڵی ئاییندەشەوە كارگەكە فراوانتر دەكرێتو لە هەنارو ترێی ناوچەكە بە شێوەیەكی فراوان شەربەتی هەنارو مێوژی لێ بەرهەم دەهێنرێتو رەوانەی بازاڕەكان دەكرێت.
هەڵەبجە، 83 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لە 13/3/2014، بووە پێنجەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، دانیشتووانەكەی 120 هەزار كەس دەبن، شارۆچكەكانی سیروانو خورماڵو بەمۆ و بیارە لەسەر ئەم پارێزگایەن.
باج لەسەر دۆشاوی هاوردە
عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت، دڵخۆشە بەوەی ئەمساڵ لە پارێزگاكەیدا دوو كارگەكە كراونەتەوە، ئەوانیش كارگەی دۆشاوی تەماتەو كارگەی رستنو چنینە.
عەلی عوسمان رایگەیاندووە، هەر كەسێكیش كار بكات لە هەڵەبجە بۆ كردنەوەی هەر كارگەیەك پشتیوانیان دەبن، چونكە بازاڕەكانو گەنجانی شارەكەش هەلی كاریان بۆ دەرەخسێت، بە نرخێكی كەمتریش بەرهەمەكە دەگاتە دەستی هاووڵاتیان.
ماوەی بەسەرچوونی بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دوو ساڵە، لەلایەن لیژنەكانی قایمقامییەتی هەڵەبجەو لیژنەكانی تەندروستییەوە چاودێریی ئەم كارگەیە دەكرێت.
ئەنوەر عومەر وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە هاوكاریی ئەو كارگەیە بكەن.
وتیشی: «بەڵام ئەگەر بزانین بەرهەمەكەی پێداویستیی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، ئەوا باج دەخەینە سەر دۆشاوی هاوردە بۆ ئەوەی بەرهەمەكەی ئەو كارگەیە ساغ بێتەوە».
س: ئاژانس