ئابوری تورکیا لە قەیرانی قوڵدایە و بەهای لیرەش 45% پاشەكشە دەكات


بەهۆی پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆی سوریاو گرژییەكانی باكووری كوردستان‌و كەڵەكەبوونی قەرزەكان، لەمانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٣ەوە بەهای لیرەی توركیا بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 45 پاشەكشەی كردوەو سەرجەم هەوڵەکانی ئەنقەرەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ڕێگریکردن لەزیاتر داشکانی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانیەکان بی ئەنجام بووە.

شارەزایانی ئابوریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن” جەنگی سوریا و ململانێ ناوخۆیەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەگەڵ کوردەکان تاکە هۆکار نین بۆ دابەزینی بەهای لیرە، بەڵکو ڕەهەندی ئابوری رۆڵی گرنگی هەبوە، سەرەڕای کەمبونەوەی دەرفەتەکانی گەشەی خێرای ئابوری ئەو وڵاتە بەڵام ئەنقەرە هەمان سیاسەتی ئابوری پەیرەودەکات”.

لەلایەکی تریشەوە تورکیا وەک سەرجەم ناوچەکانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕەست کێشەی کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیار و داهاتی گەشتیاری هەیە، هاوبەشی کردنی ئەم کەرتە گرنگە لەکۆی داهاتی نەتەوەی بەرێژەی لەسەدا پەنجا ٥٠% کەمی کردوە ئەمەش لەکاتێکدایە لەساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ٣٤ ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی تورکیای کردوە بەڵام لەکۆتایەکانی سالێ ٢٠١٦ ئەو ژمارەیە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردەوە و لەمساڵدا تەنها دوو ملیۆن حەوت سەد هەزار گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەی کردوە.

جگە قەیرانی ئابوری کودەتا شکستخوردوەکەی مانگی تەموزی ئەم ساڵ و دەست وەردانی بەردەوامی ئەردۆغان لە کاورنارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا ئەوەندەی تر قەیرانی ئابوری تورکیا و داشکاندنی بەهای لیرەی قورستر کردوە.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەشی وەبەرهێنان کردوە بەشێوەیەک کە دەمەزراوەکانی دڵنیای نێودەوڵەتی ناچاربون پلەبەندی قەرزی تورکیا کەمبکەنەوە.

شارەزایانی ئابوری ئەو وڵاتەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن سەرەڕای داواکاری ئەردۆغان لە هاوڵاتیان بۆ گۆڕینەوەی دۆلارەکانیان بە لیرە بەڵام قەیرانی دارایی تورکیا بۆتەهۆی زیادبوونی دیاردەی خۆدروخستنەوە لە لیرە و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و ئاڵتون لەبازاڕەکانی ناوخۆدا ئەمەش ئاستی هەڵئاوسانی بەرێژەی لەسەدا حەوت ٧% بەرزکردۆتەوە پێشبنی دەکرێت ساڵی ٢٠١٧ سەرەتای ساڵێکی قورس و دژوار بێت بۆ ئابوری تورکیا.