رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) لەرێگەی پڕۆژەیەكەوە بەناوی (كار بەرامبەر پارە) دەرفەتی كار بۆ 200 هەزار هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق دەڕەخسێنێت.
رێكخراوی (فاو) لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ سایتی ژوری بازرگانی نێردراوە ئاماژەی بەوەكردوە: بۆ یەكەمجار لەدوای ساڵی 2014و داگیركردنی چەند ناوچەیەكی عیراق لەلایەن داعشەوە، لەئێستادا لەرێگەی پڕۆژەی (كار بەرامبەر پارە)، 200 هەزار هاوڵاتی موسڵ و ناوچە جیاوازەكانی وڵات دەتوانن داهاتێك بۆ خۆیان بەدەست بێنن و لەرێگەی ئەو پرۆژەیەشەوە دەتوانرێت دووبارە ئاو بۆ 250 هەزار هێكتار زەوی كشتوكاڵی بگەڕێێتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە ئەو پرۆژەیە، پشتگیری ئەو خێزانە هەژارەكان دەكات كە بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانەیان پێویستیان بەپارە هەیەو زۆربەشیان نزیكەی 2 ساڵە هیچ داهاتێكیان نەبووە، ئاماژەی بەوەشكردوە ئەوانەی لەو پرۆژەیەدا كاردەكەن هەڵدەستن بەپاككردنەوەی جۆگەی سەرەكی پرۆژەی باكووری جەزیرە و رێگا خۆش دەكەن بۆ رۆیشتنی ئاو بۆ جۆگە بچووكەكان لە نێو كێڵگەكاندا.
هاوكات بۆ یەكەم جاریشە رێكخراوی فاو هەمامەنگی لەگەڵ دەزگای مین دەكات بۆ پاككردنەوەی كێڵگە بەپیتەكانی دەورووبەری ئەو جۆگەیە لە مین و تەقەمەنی.