نایك گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى پێڵاوى وه‌رزشییه له‌دنیادا، به‌هاى براندى نایك نزیكه‌ى 11 ملیار دۆلاره‌و به به‌نرخیتین براندى وه‌رزشى هه‌ژمار ده‌كرێت.
فلیپ همپسۆن فیل نایت ساڵى 1938 له‌ئه‌مه‌ریكا هاته دنیاوه، هه‌ر له‌قۆناغى سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ركه‌وت كه خووى به‌كێبڕكێوه گرتوه. باوكى پارێزه‌رێكى ناسراو بوو كه وازى له‌كارى پارێزه‌رى هێنا بوو رۆژنامه‌ى “ئۆرگان ژۆرنال”ى دابه‌ش ده‌كرد، نایت هاوینێكیان داواى له‌باوكى كرد كه ئیشێكى له‌رۆژنامه‌كه‌دا بۆ بدۆزێته‌وه. به‌ڵام باوكى رازى نه‌بوو، پێیوت “وا باشتره خۆت ئیشێك بۆ خۆت بدۆزیته‌وه”.
له‌به‌رئه‌وه نایت چوه رۆژنامه‌یه‌كى ركه‌به‌رى “ئۆرگان ژۆرنال”و هه‌موو رۆژێك 11 كیلۆمه‌تر رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌ى ده‌بڕى. دواى ئه‌وه‌ى چووه زانكۆ، بووه په‌یامنێرى وه‌رزشیی رۆژنامه‌یه‌كى لۆكاڵى، له‌زانكۆ به‌شى رۆژنامه‌نووسیى خوێند‌و به‌رده‌وام خه‌ریكى وه‌رزشى گۆڕه‌پان‌و مه‌یدان بوو، كه وه‌رشكارى ناودار “بیل باورمان” راهێنه‌رى بوو. نایت عاشقى بازرگانى‌و وه‌رزش بوو.
دواى خوێندن، ساڵێك سه‌ربازى كرد‌و پاشان جارێكی‌تر گه‌ڕایه‌وه بۆ خوێندن‌و ئه‌مجاره‌یان به‌شى كارگێڕى‌و بازرگانى ته‌واو كرد كه ژیانى ئه‌وی به‌ته‌واوى گۆڕى، خۆى دواتر رایگه‌یاند كه “له‌خوێندنى كار‌و كاسپییه بچوكه‌كاندا تێگه‌یشتم من جگه له‌وه‌رزش، عاشقى شتێكى دیكه‌شم، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو حه‌زم ده‌كرد ببمه خاوه‌نى كار‌و سه‌رمایه‌ى خۆم. باش له‌بیرمه فرانك شلنبێر مامۆستامان بوو، وانه‌كانى ئه‌و هه‌موو ژیانى منیان گۆڕی. ئه‌و فێرى كردین كه به‌كێ ده‌ڵێن داهێنه‌ر‌و من هه‌ستم كرد كه ئه‌و شتانه‌ى ئه‌و ده‌یڵێت باسى من ده‌كات، ئه‌وكاته به‌خۆمم وت: داهێنان هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه خوازیارم ئه‌نجامى بده‌م”.
نایت راشیگه‌یاند “تۆژینه‌وه‌كه‌م به‌سه‌رپه‌رشتى شلنبێرگه‌ر بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه چۆن كار‌و كاسپییه‌كى نوێ دابهێنین. ناوى تۆژینه‌وه‌كه‌م ئه‌مه بوو: ئایا پێڵاوى وه‌رزشى ژاپۆنى ده‌توانێت كارێكى وا به‌پێڵاوه وه‌ررزشییه ئه‌ڵمانییه‌كان بكات كه كامێراكانى ژاپۆن به‌كامێراكانى ئه‌ڵمانیایان كرد؟”.
له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م نوسینه، نایت ده‌یویست به‌كۆمه‌كى نرخ هه‌رزانیى ژاپۆن، پێڵاوى كوالێتى به‌رز به‌رهه‌مبهێنێت‌و له‌ئه‌مه‌ریكا بیانفرۆشێت. ئه‌م تۆژینه‌وه‌یه ده‌ریخست كه نایت به‌رنامه‌ى هه‌یه بۆ بۆ ئاماده‌بوون له‌بازاڕى پێڵاوه وه‌رزشییه‌كاندا. ئه‌و ساڵى 1962 خوێندنى له‌زانكۆى ستانفۆرد ته‌واو كرد‌و دواى ئه‌وه بڕیارى دا به‌دنیادا بگه‌ڕێ‌و ژاپۆن ببینێت. گه‌شتوگوزار ئامانجى ئه‌و نه‌بوو. ئه‌و ساڵى 1962 گه‌یشته ژاپۆن‌و كه‌وته ژێر كاریگه‌رى به‌رهه‌مه‌كانى ئۆنیشۆوه كه پێڵاوى وه‌رزشیى تایگه‌ریان به‌كوالێتى به‌رزو نرخێكى هه‌رزان به‌رهه‌مده‌هێنا.
نایت ده‌ڵێت “له‌ژاپۆن به‌بێ شه‌رمكردن ته‌له‌فونم بۆ خودى سه‌رۆكى كۆمپانیاكه ئۆشینیۆ كرد‌و پێموت سه‌رۆكى كۆمپانیاى بلو ریبین سپۆرته‌رم، ئه‌م كۆمپانیایه ته‌نها ناو بوو، به‌هۆى كاریگه‌ریى بازرگانانى تره‌وه داممه‌زراندبوو، ته‌نانه‌ت نوسینگه‌ى كاریشم نه‌بوو. ئه‌و ره‌زامه‌ندى نواند بمبینێت، به‌شێوه‌یه‌ك دواندم كه له‌كۆتایى ئه‌م یه‌كه‌مین دیداره‌دا ئۆنیشیۆ رازى بوو مافى بڵاوكردنه‌وه‌ى پێڵاوى تایگه‌رم له‌رۆژئاواى ئه‌مه‌ریكا پێسپێرێت”.
نایت له‌م كاته‌وه زۆر كه‌وته ژێر كاریگه‌ریى كلتور‌و ئایینى ژاپۆنییه‌كانه‌وه‌و هه‌وڵ‌و كۆششى ئه‌وان له‌كارو كاسپیدا ئه‌میان سه‌رسام كرد (ئه‌وه‌ى سه‌رنجڕاكێشه تا ئێستاش هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بچێته نوسینگه‌كه‌ی نایته‌وه ده‌بێت پێڵاوه‌كانى دابكه‌نێت).
نایتى ته‌مه‌ن 26 ساڵه دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئه‌مه‌ریكا، چووه لاى باوكى‌و 500 دۆلارى لێ قه‌رز كرد تا بتوانێت پاره‌ى هێنانى یه‌كه‌مین نمونه‌ى پێڵاوى تایگه‌رى لێبدات, كاتێك نمونه‌كان گه‌یشتن، دو جوتى پۆست كرد بۆ ئه‌درێسى راهێنه‌ره‌كه‌ى پێشووى “بیل باوڕمان”، به‌و هیوایه‌ى جێى ره‌زامه‌ندى بێت. پشتیوانى ئه‌و به‌دڵنیایى ده‌بوه هۆى زیاتر فرۆشتنى پێڵاوه‌كان، به‌ڵام باوڕمان كارێكى دیكه‌ى كرد كه هه‌رگیز نایت چاوه‌ڕوانى نه‌ده‌كرد. باوڕمان نه‌ك ته‌نها خوێندكاره‌كانى راسپارد پێڵاوى تایگه‌ر بكڕن، به‌ڵكو پێشنیارى كرد به 500 دۆلار ببێته هاوبه‌شى بازرگانیى‌و ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ى به‌رهه‌مهێنانى پێڵاوى باشتریشى بۆ ئه‌و خسته‌ڕوو.
نایت‌و باوڕمان له25ى كانونى دوه‌مى 1964دا بوونه هاوبه‌شى یه‌كترو هه‌ر ئه‌و رۆژش كۆمپانیاى بلو ریبن سپۆرته‌رز به‌ڕاستى دامه‌زرا. له‌و كاته‌دا كۆمپانیاى ئه‌دیداس به به‌رهه‌مهێنه‌رى سه‌ره‌كى پێڵاوى وه‌رزشى له‌دنیادا داده‌نرا. نایت‌و باوڕمان توانیان 200 جوت له‌ئۆنیشیۆ بكڕن‌و له‌ئۆریگان‌و واشنتۆن بیفرۆشن.
ساڵى 1969 هاوڕێیه‌كى نایت پێشنیارى ئه‌وه‌ى بۆ كرد كه ناوى كۆمپانیاكه‌ی بگۆڕێت به”نایك”، كه خواى سه‌ركه‌وتن بوو له‌یۆنانى كۆندا. لۆگۆى نایك كه ئێستا به‌یه‌كێك له‌به‌هێزترین‌و به‌نرخترین لۆگۆكانى دنیا ده‌ده‌نرێت له‌لایه‌ن كارولین دڤیدسۆنه‌وه دیزاین كرا، كه ئه‌وكات خوێندكارى گرافیك بوو، ته‌نها 35 دۆلاریشى پاداشت وه‌رگرت. نایت، دیڤیدسۆنى راسپاردبوو كه لۆگۆیه‌كى بۆ دیزاین بكات هه‌ستكردن به‌خێرایى بگه‌یه‌نێت، نایت كه لۆگۆكه‌ى بینى وتى “حه‌زم لێنییه، به‌ڵام خه‌ریكه سه‌رنجم راده‌كێشێت”. نایت چه‌ند ساڵێك دواتر كه روگیرى دیڤیدسۆن ببوو، له‌داوه‌تێكدا جگه له‌مستیله‌یه‌كى گرانبه‌هاى ئه‌ڵماس، ژماره‌یه‌ك پشكیشى به‌دیارى پێشكه‌ش كرد.
ساڵى 1971، فرۆشى نایك 3 ملیۆن دۆلارى تێپه‌ڕاند‌و هه‌ر له‌م كاته‌شدا بوو كه نایت په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ ئۆنیشتۆ پچڕاندو بڕیارى دا خۆى پێڵاو به‌رهه‌مبهێنێت. یه‌كه‌م پێڵاوه‌كانى نایك ساڵى 1972 به‌رهه‌مهات‌و به‌خێرایى ناوبانگى به‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا بڵاوبۆوه. له‌ماوه‌ى 10 ساڵدا سوودو قازانجى دو هێنده زیادى كرد‌و ساڵى 1980 توانى پێش ئه‌دیداس بكه‌وێت.
نایت ده‌یزانى ریكلام چ بایه‌خێكى گه‌وره‌ى هه‌یه له‌فرۆشتنى كاڵاكه‌یدا‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌رزشه‌وانه ناوداره‌كان چ رۆڵێكى گه‌وره ده‌بینن له‌متمانه‌پێكردنى كڕیاردا، ساڵى 1984 له‌گه‌ڵ مایكل جۆردن باسكتبالى ناودارى 21 ساڵه‌ى ئه‌مه‌ریكى گرێبه‌ستى واژۆ كرد‌و یه‌كه‌مین ریكلامى ته‌له‌فزیۆنى په‌خش كرد. به‌پێى گۆڤارى تایم له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ساڵێكدا گه‌نجانى ئه‌مه‌ریكا مایكل جۆردن‌و نایكیان وه‌ك هاوتاى یه‌كتر ناوده‌برد، بۆ كڕینى پێڵاوى مایكل جۆردنیش رۆژیان ده‌ژمارد. دواتریش نایك گرێبه‌ستى بۆ ریكلام كردن له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌ستێره‌ى ناودارى بوارى وه‌رزش كرد‌و دوو خه‌ڵاتى له‌فیستیڤاله جیهانیه‌كانى تایبه‌ت به‌ریكلام برده‌وه له‌ساڵانى 1994و 2003دا. ئێستا نایك به‌پێى گۆڤارى فۆربس گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى كه‌لوپه‌لى وه‌رزشییه له‌جیهاندا.
ئا: ڕێ – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی