كەرتی پیشەسازی لەبەردەم مەترسی داڕوخاندایە

 
كەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی كەرتەكانی تر، روبەڕوی مەترسی بوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی 48%ی كۆی پیشەسازی عێراق لە هەرێمدایە.

ساڵانێك خەونی زۆربەی شارەزایانی ئابوری‌و خەمخۆرانی وڵات، بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی بو لە هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی لەچەند ساڵی رابردودا ئەو كەرتە هەندێك بەرەوپێشچونی بەخۆوە بینی، بەڵام بێباكی حكومەت‌و هاوكاری نەكردنی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان وایانكردوە، ئێستا ئەو كەرتە روبەڕوی مەترسی ببێتەوە.

بە سەدان كارگەی جۆراوجۆر لە ساڵانی رابردو لە بواری بیناسازی‌و خواردەمەنی‌و شوشەوات بنیاتنران، بەڵام بەهۆی هاوكاری نەكردنی حكومەتەوە بەشێكی زۆریان لەكاروەستان.

هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی پیشەسازی عێراق لەخۆ دەگرێت, بەتایبەت لەبواری شیش‌و چیمەنتۆدا، لەم ساڵانەی دوایدا چەندین كارگەی گەورەی چیمەنتۆو ئاسن بنیاتنراوەو ئێستا جگە لەپڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەشێكی زۆری بەرهەمەكانیان هەناردەی شارەكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق دەكەن.

* 48%ی كۆی پیشەسازیی عێراق لە هەرێمی كوردستانەو 30%ی كۆی پیشەسازی عێراقیش لە پارێزگای سلێمانیدایە.
* لە پارێزگای سلێمانی (5) كارگەی گەورەی چیمەنتۆ هەن، كە توانای بەرهەمهێنانیان ساڵانە دەگاتە نزیكەی (7 ملیۆن) تەن.
* لەكۆی (10) كارگەی ئاسن لە عێراقدا (8) كارگەیان دەكەونە پارێزگای سلێمانییەوە.
* 80%ی كۆی پیشەسازیی ئاسن‌و شیش دەكەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە.

هەرچەندە بەهۆی بونی مادەی خامەوە، هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەباری بۆ كەرتی پیشەسازیی هەیە، بەڵام زۆرجار حكومەتی هەرێم نەك هاوكاری ئەو كارگانە ناكات، بەڵكو گرفتیشیان بۆ دروستدەكات لە گەیشتنی مادەی خام، بەهۆی گرانكردنی كارەباو دابین نەكردنی سوتەمەنییەوە بەشێكی زۆری كارگەكان بەتوانای تەواوی خۆیان كارناكەن‌و نیوە یاخود كەمتر لەو بڕە بەرهەمدەهێنن.

* پێشتر لە بەغداوە مادەی ئاسن‌و سكراب هاوردەی هەرێم دەكران كە تەنی بە (160 دۆلار) بو، بەڵام ئێستا رێگەنادەن بە هاوردەكردنی ئەو مادانە بۆ هەرێم.
* كارگەكانی ئاسن لە هەرێم ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی (2 ملیۆن) تەن ئاسن‌و شیشیان هەیە.
* ئێستا بەهۆی پشتگیری نەكردنی حكومەت‌و قەیرانی دارایی، توانای بەرهەمهێنانی كارگەكانی ئاسن بۆ (1 ملیۆن) تەن دابەزیوە.
*بەرهەمی كارگەكانی ئاسن بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات‌و نیوەشی هەناردەی باشورو ناوەڕاستی عێراق دەكرێت.

بونی ئەو كارگانە لە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆریان لەلایەن سەرمایەدارو بازرگانە خۆماڵییەكانەوە بە بودجەیەكی زۆر بنیاتنراون، جگە لەوەی دەبێتە كۆڵەكەیەكی بەهێز بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری‌و دابینكردنی سەرچاوەی داهات بۆ هەزاران كەس بەشێوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، هاوكات هەنگاوێكە بۆ بەرەوپێشچونی ئەو كەرتە لە هەرێم‌و سنوردانان بۆ هێنانی كاڵاو بەروبومی بیانی‌و رێگەگرتن لە چونە دەرەوەی پارە بۆ وڵاتان.

* كارگەكانی ئاسن توانای رەخساندنی زیاتر لە (6 هەزار) هەلی كاریان بۆ هاوڵاتیان هەیە.
* ئێستا نزیكەی (2 هەزار) كەس لە كارگەكانی ئاسن كاردەكەن.

بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێكی كەمە ئەو كارگانە بنیاتنراون لەئێستادا چەند بەشێكی گرنگی بەڕێوەبردنی ئامێری كارگەكان لەلایەن ستاف‌و ئەندازیارو كارمەندانی بیانی‌و وڵاتانی دراوسێوە بەڕێوەدەبرێت، بەپێی ئامارەكان رێژەی 90%ی ئەو كەسانەی لە كارگەكان كاردەكەن، كارمەندی خۆماڵین.

ئەگەر حكومەت هەنگاوی بەپەلە نەنێت بۆ پشتگیری لەكارگەكان‌و بەرهەمەكانیان ئەوا مەترسی گەورە لەسەر كەرتی پیشەسازی هەیەو لەكاتی روخانی ئەو كەرتەشدا هەستانەوەی ئەستەم دەبێت.