پارێزگاری سلێمانی: نابێت لەمەودوا بازرگانی بە پرۆژەكانی نیشتەجێبونەوە بكرێت

بەھرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پاش بەسەرکردنەوەی ھەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لوبنان سیتی‌و گرین سیتی رایگەیاند: شارەوانی سلێمانیان راسپێدراوە بە ئامادەکردنی زەویی بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر یەکەی نیشتەجێبوون‌و روونیشیکردەوە کە ئامانج لە ھەنگاوەکەیان ئەوەیە کە لەمەودوا بازرگانی بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە نەکرێت‌و خەڵکی کەمدەرامەت لێی سودمەند بن.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: بۆ پڕۆژەکانی داھاتووی بواری نیشتەجێبوون، کاری پێشتری کۆمپانیاکان لەبەرچاو دەگیرێت‌و پڕۆژەکان دەدرێت بەو کۆمپانیانەی کە کوالێتی باش‌و نرخی گونجاو پێشکەش دەکەن.
بەھرۆز محەمەد لە بەسەرکردنەوەکەیدا بۆ ھەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لوبنان سیتی‌و گرین سیتی، فەرمانیدا فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەماوەی ھەفتەیەکدا کارمەند بۆ بنکەی تەندروستی گرین سیتی دابنێن‌و کارکردنیش لە دروستکردنی قوتابخانەی ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکاتەوە. داواشی لە دانیشتوانی ھەردوو پرۆژەکە کرد ئەنجومەنێک پێکبھێنن بۆئەوەی لەو ڕێیەوە گرفتەکانیان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان.