هه‌شت كارگه‌ی گه‌وره‌ی ئاسن و پۆڵا له سنوری پارێزگای سلێمانی له یاداشتێكدا كه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمیان ناردوه، هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و وه‌ستاندنی كاره‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر گومرگ له‌سه‌ر هاتنی شیش و ئاسنی ئێرانی زیاد نه‌كرێت, ئه‌وه سه‌ره‌ڕای زیادكردنی كرێی كاره‌با بۆ له 350 % و پێنه‌دانی سوته‌مه‌نی و گرانبوونی له‌بازاڕداو دروستكردنی كێشه بۆ هاتنی سكراب له باشوور‌و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه بۆ هه‌رێم, ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانیش ده‌ڵێت كه‌رتی پیشه‌سازی له لێواری كه‌وتن و شكستهێناندایه.
ئه‌گه‌رچی كه‌رتی پیشه‌سازی به یه‌كێك له كه‌رته گرنگه‌كانی ئابووری له هه‌ر وڵاتێكدا داده‌نرێت و سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهاته بۆ هه‌زاران كه‌س, ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ئه‌و كه‌رته له هه‌رێم به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه بینیوه, به‌ڵام هاوكاری نه‌كردنی حكومه‌ت و دروستكردنی كێشه بۆیان مه‌ترسیی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌رته‌ش دروست كردوه, له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خاوه‌نی كارگه‌كانی ئاسن له به‌رامبه‌ر زیادنه‌كردنی گومرگ له‌سه‌ر هاتنی شیش و ئاسنی ئێران و گرانبوونی كاره‌با به ڕێژه‌ی له 350 % و پێنه‌دانی سوته‌مه‌نی هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و وه‌ستانی كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.
به‌رپرسانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانی ده‌ڵێن چه‌ند جارێك یاداشت و نووسراویان ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه كه به ده‌م كێشه‌ی كارگه‌كانه‌وه بێن و هاوكارییان بكه‌ن, به‌ڵام بێهه‌ڵوێستیی حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان وای كردوه كه‌رتی پیشه‌سازیی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی كه‌وتن و شكستهێنانی گه‌وره بۆته‌وه.
له كۆی 10 كارگه‌ی گه‌وره‌ی توانه‌وه‌ی ئاسن و به‌رهه‌مهێنانی شیش له عێراق 8 كارگه‌یان له هه‌رێمی كوردستانه, كه ڕۆژانه هه‌زاران تۆن شیش و ئاسن به‌رهه‌م ده‌هێنن و جگه له پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده‌ی شاره‌كانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ هه‌زاران كه‌س به‌ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خساندوه, له‌ئێستادا جگه له دروستكردنی كێشه بۆ هاتنی سكراب له به‌غداوه بۆ كارگه‌كان, ڕێگه‌دان به هاتنی به‌رهه‌می شیشی ئێرانی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان و چاره‌نوسی كارگه‌كانیان.