بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان بە رێژەی 35% پاشەكشەی كردووە.
بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا رووبەڕووی قەیرانێكی سەختی دارایی بووەتەوە، ئەمەش خواستی بەكاربردنی كاڵای سنووردار كردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، 94%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 15 وڵاتە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكەش لە ساڵی 2004 تاوەكو 2013 بەردەوام لە هەڵكشاندا بووە، بەجۆرێك لە 4 ملیار و 28 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 17 ملیار و 210 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە. بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو ئاڵوگۆڕە بۆ 15 ملیار و 755 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی رابردووش بۆ نزیكەی 11 ملیار دۆلار دابەزیوە.
د.عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، دەڵێت “لە ساڵی 2014 بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە، زۆربەی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان وەستان، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 35% دابەزێ”.
بەهۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان، چەندین دامەزراوەی تایبەت بە گەشەپێدانی ئابووری لەهەرێمی كوردستان دامەزران، یەكێك لەو دامەزراوانە یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم بوو كە لەساڵی 2007 بەئامانجی رێكخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاندانی وەبەرهێنەر و بازرگانانی بیانی دامەزرا.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت “ئێمە توانیومانە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ زیاتر لە 45 ژووری بازرگانی و یەكێتییە بازرگانییەكانی وڵاتانی ناوچەكە وەك توركیا، ئێران، ئیمارات، لوبنان، ئوردن، میسر، تونس و چەندین وڵاتی دیكەی عەرەبی ببەستین، بەهەمانشێوە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی ، ئەمەریكا و ئاسیادا هەیە”.
دارا خەیات وتیشی “تا ئێستا پەیوەندییمان لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكانی زۆربەی وڵاتان لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام بەهۆی كاریگەریی قەیرانی دارایی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەكە بەهۆی شەڕی داعش و وەستانی زۆربەی پڕۆژەكان، خواست لەسەر كاڵاكان كەم بووە، بۆیە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانیش سست بوون”.
ئامارەكەی وەزارەتی بازرگانی هاوردەكردنی كاڵاكانی بەسەر 21 گرووپدا دابەش كردووە كە بریتین لە بەرهەمە (ئاژەڵی و پەلەوەرییەكان، سەوزە و میوە، رۆنی خۆراك، خواردن و خواردنەوە، كانزا، پلاستیك، لاستیك، پێستە، دار، كاغەزییەكان، رستن و چنین، پێڵاو، كەلوپەلی بیناسازی، ئاسن و بەرهەمەكانی، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، ئۆتۆمبیل و ئامێرە قورسەكان، كەلوپەلی پزیشكی، چەك و تەقەمەنی، جوانكاری و جۆرەكانی دیكە”.
لە 11 ساڵدا 121 ملیار دۆلار لە هەرێمی كوردستان چووەتە دەرەوە
لەنێو كاڵاكانیش ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و بەرهەمەكانی ئاسن و هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل پشكی شێریان بەركەوتووە. دوای ئەوانیش بەرهەمە خۆراكییەكانی وەك خواردن و خواردنەوە، سەوزە و میوە، بەرهەمە ئاژەڵی و پەلەوەرییەكان و ئینجا رستن و چنین دێن.
ڕووداو