بازاڕی کەلوپەلی چینی لە سلێمانی گەرمە


سەرەڕای گلەیی لە کوالێتیەکەی، بازاڕی کەلوپەلی چینی لە سلێمانی بەراورد بە پێشووتر گەرمترە و خەڵک روو لەو بازاڕە دەکەن. بەپێی ئامارەكانیش، مانگی رابردوو زیاتر لە 56 هەزار تۆن خواردن و كەلوپەلی بیناسازی و جوانكاری هاوردەی سلێمانی كراون.

هەرچەندە ئیدارەی سلێمانی چاودێری تووندی خستووەتە سەر هاوردەکردنی کەلوپەلەکان و دەیەوێت رێگە نەدات کەلوپەلی بێ کوالێتی بهێندرێتە پارێزگاكە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە بەتەواوی کاڵا بێ کوالێتییەکان لە بازاڕدا نەهێڵدرێن.

ئەو بەرهەمانەی هاوردەی باشووری كوردستان دەكرێن، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازیی و كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، لەڕێگەی پێنج كۆمپانیای بیانییەوە چاودێری دەكرێن، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگرێك لەهێنانی بەرهەمی بێ‌ كوالێتی.

ئاسۆس كەمال، بەڕێوەبەری پێوانەسازیی و كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی دەڵێت، بەردەوام چاودێریی كەلوپەلە هاوردەكراوەكان دەكەن، “بەڵام ئەوەش پەیوەندی بە خواست و داواكارییەوە هەیە. ئێمە ناتوانین بڵێین نابێ‌ بازرگانەكان شتی هەرزان بهێنن، چونكە ئەوان بەپێی بازاڕ و نرخ كەلوپەل دەهێنن”.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازیی و كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی لە مانگی 11 ساڵی 2016ـدا 56 هەزار و 468 تۆن پێداویستی خواردن و كەلوپەلی بیناسازی و جوانكاری هاتووەتە سلێمانی، بەهۆی پێداویستی بازاڕەكانی باشووری كوردستان بۆ كەلوپەلی هاوردەكراوە مانگانە ئەو رێژەیە بەرزتر دەبێتەوە.
 
رووداو