بۆچى تایبه‌تسازى له‌میسر شكستیهێنا؟


ئه‌زمونى میسر له‌تایبه‌تسازییدا، به‌یه‌كێك له‌خراپترین ئه‌زمونه‌كان داده‌نرێت، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى كۆمپانیا‌و كارگه‌كانى كه‌رتى گشتى دران به‌گروپێك له‌سه‌رمایه‌داریى هاوبه‌شى كاربه‌ده‌ستان.
 
 
له‌میسر، به‌رنامه‌ى تایبه‌تسازى ئه‌و كۆمپانیانه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌نیان بو، وه‌ك به‌شێك له‌پڕۆژه‌ى چاكسازى ئابورى له‌ژێر چاودێرى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى‌و بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ساڵى 1991ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد. بانكى نێوده‌وڵه‌تى بانگه‌شه‌ى بۆ پێویستیى گۆڕینى سیسته‌مى مه‌ركه‌زى داخراوى كه‌رتى گشتى له‌و وڵاته‌دا بۆ كه‌رتى تایبه‌ت‌و بۆ په‌یڕه‌كردنى پره‌نسیپه‌كانى بازاڕى ئازاد ده‌كرد. 

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ماوه‌ى ساڵانى 1991 تا 1993، له‌میسردا زیاتر له‌ 282 كۆمپانیا‌وكارگه‌ى كه‌رتى گشتى به‌كه‌رتى تایبه‌ت فرۆشران. به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ى فرۆشتن‌و تایبه‌تسازییه‌ به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف‌و رێكخراو ئه‌نجام نه‌درا، میكانیزمه‌كان‌و هه‌نگاوه‌كانى گۆڕینى كه‌رتى گشتى بۆ كه‌رتى تایبه‌ت له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكى پێشوترى میسر “موباره‌ك”دا پڕ له‌هه‌ڵه‌‌و كه‌م‌و كورتى بوون، به‌هۆى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى گه‌نده‌ڵى‌و رۆتین‌و بیرۆكراسیه‌تى به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌. 

له‌مۆدیلى تایبه‌تسازى میسرییدا، كۆمپانیا‌و كارگه‌كان نه‌كران به‌پشك له‌بۆرسه‌دا‌و راسته‌وخۆ به‌وه‌به‌رهێنه‌ر‌و سه‌رمایه‌دارێك فرۆشران، كه‌ زۆربه‌یان خۆیان كاربه‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ت یاخود له‌كارى بازرگانیدا شه‌ریكى كاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌ت بوون. گه‌وره‌ترین كه‌موكورتى‌و گه‌نده‌ڵى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له‌وه‌دا بوو كه‌ پرۆسه‌ى تایبه‌تسازى كۆمپانیاكانى كه‌رتى گشتى، له‌لایه‌ن بانكه‌كانى كه‌رتى گشتییه‌وه‌ سپۆنسه‌ر كران‌و ئه‌و سه‌رمایه‌دارو كاربه‌ده‌ستانه‌ى ده‌یانكڕى، له‌بانكى گشتى پاره‌یان به‌قه‌رز ده‌درایه‌.  

هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى تایبه‌تسازى رووبدات، له‌میسردا یاساكان هه‌موار نه‌كرانه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌لأ ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌ى ئابورییدا بگونجێنرێت، به‌تایبه‌تى یاساى كۆمپانیاكان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى تایبه‌تسازى به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف ئه‌نجام نه‌درا، راى گشتیش بۆ گرنگیى‌و پێویستیی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئاماده‌نه‌كرا. هه‌ربۆیه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوه‌ هۆى پاشه‌كشه‌ى ئابورى نیشتمانى‌و زیادبونى رێژه‌ى بێكارى‌و ده‌ركردنى نزیكه‌ى ملیۆنێك كرێكار‌و كارمه‌ند له‌سه‌ر كاره‌كانیان، هه‌روه‌ها بوه‌ هۆى گرانتربونى نرخى كاڵاكان‌و پاشاگه‌ردانى له‌بازاڕ‌و زیادبونى جیاوازى چینایه‌تیی. 

هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ پرۆسه‌ى تایبه‌تسازى له‌برى ئه‌وه‌ى پشتیوانى لێبكرێت له‌و وڵاته‌دا، له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى دژایه‌تى كرا‌و ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا كه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ى به‌گه‌نده‌ڵى‌و به‌رخۆرى‌و ناشه‌فافیه‌ت‌و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكى چاوچنۆك داوه‌.

ئابوریناسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى شكستى تایبه‌تسازى له‌میسردا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئیراده‌یه‌كى سیاسیی به‌هێزیى ناوخۆى له‌پشته‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆى فشارى ده‌ره‌كییه‌وه‌ ئه‌نجامدرا نه‌ك به‌خواستى ناوخۆ, ده‌وڵه‌تیش له‌برى ئه‌وه‌ى به‌داهاتى فرۆشتنى موڵكه‌ حكومییه‌كان، ژێرخانى ئابورى له‌و وڵاته‌دا به‌هێز بكات، داهاته‌كه‌ى خراپ به‌كارهێناو ته‌رخانى كرد بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی