بۆ سه‌ری ساڵ ڕێژه‌ی گه‌شتیاری ئێرانی بۆ كوردستان زیاد ده‌كات


یاد و ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵ نزیك ده‌بنه‌وه‌ و گه‌شتیارێكى زۆرى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانى و بیانیش ڕوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، گوته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت له‌ نۆ مانگى ئه‌مساڵدا ملیۆنێك و 100 هه‌زار گه‌شتیار به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هاتوونه‌ته‌ كوردستان.

نادر ڕۆستى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  ڕاگه‌یاند: له‌ ساڵى ڕابردوودا به‌ كۆى گشتى،  نزیكه‌ى ملیۆنێك گه‌شتیارى بیانى و ئێرانى هاته‌ كوردستان به‌ڵام ئه‌م ساڵ ڕێژه‌كه‌ زیادى كردوه‌ به‌ جۆرێك له‌ نۆ مانگى ئه‌مساڵدا ملیۆنێك و 100 هه‌زار گه‌شتیار به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هاتوونه‌ته‌ كوردستان كه‌ مه‌زه‌نده‌ى زیاتر ده‌كرێ له‌ نزیك بوونه‌وه‌ى یاده‌كانى سه‌رى ساڵ دا.


روستی ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو: ” كه‌ هیچ پاره‌ و ڕسوماتێك به‌ناوى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له‌ گه‌شتیاران وه‌رناگیرێت به‌ڵكوو ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر سنووره‌كان له‌ گه‌شتیار وه‌رده‌گیرێت پێوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌ته‌كانى تره‌وه‌ هه‌یه‌”. 

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى پشكنینى پزیشكى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو كه‌ به‌ گشتى پشكنین ئه‌نجام نادرێ بۆ گه‌شتیار چونكه‌ كاره‌كه‌ سه‌خته‌ و ڕێژه‌ى گه‌شتیاران زۆره‌، به‌ڵكوو ته‌نیا ئه‌وانه‌ى  گومان له‌سه‌ر ته‌ندروستیان هه‌بێت پشكنینان بۆ ده‌كرێت چونكه‌ چه‌ند ڕۆژێك ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ درێژخایه‌ن ده‌مێننه‌وه‌ و ئیقامه‌ وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌وان پشكنین ئه‌نجام ده‌درێ.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئێران و هه‌رێمی كوردستان بڕى 25 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت.