وەزارەتی پلاندانی عیراق ئاشكرایدەكات، داهاتی نەوت بەرێژەی لەسەدا 70 كەمیكردوەو بەهۆی بەردەوامبونی ئەو دابەزینەشەوە روبەڕوی قەیرانێكی توندی دارایی بۆتەوە.
سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی تیرۆرو جەنگی داعشەوە وڵاتەكەی چەندین بەربەستی ئابووری بۆ دروستبوەو ئەوەش وایكردوە بەرێژەی لەسەدا 30ی بودجەی وڵات بۆ خەرجی سەربازی و پێداویستی جەنگ تەرخان بكرێت، وتیشی دابینكردنی ئەو پارە زۆرە بۆ جەنگ وایكردوە رێژەی هەژاری بۆ لەسەدا 30 بەرزبێتەوە، جگە لەوەش بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە 4 ملیۆن كەس ئاوارەبوون و سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە.
سەلمان جومەیلی رونیكردوە، بەهۆی ئەو كۆچە زۆرەی لەناوخۆدا روودەدات عیراق رووبەرووی شێواندنی دیمۆگرافی بۆتەوە و پێویستە درەفەتی كاری نوێ بۆ ئەو كەسانە بدۆزرێتەوە كە ئاوارەبوون، ئاماژەی بەوەشكردوە لە ئێستادا تێكڕای بێكاری بۆ نزیكەی لەسەدا 20 زیادیكردوەو ئاماژەی بەوەشكرد دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بۆتە هۆی ئەوەی وڵاتەكەی لەسەدا 70ی داهاتی كەم بێتەوە.