قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لەعێراق دەستی پێكردوە


كۆمپانیای گشتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل كە سەر بەوەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراقە رایگەیاند، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری فاو دەستی پێكردوەو ئاماژەی بەوەشكردوە ئەو پڕۆژەیە  بەهەماهەنگی لە نێوان كۆمپانیای فاوی چینی و كۆمپانیای یەمان بۆ بازرگانی كە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتە بەرێوەدەچێت.
 
عەبدولواحد عەلوان شەمەری بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراق ئاشكرایكردوە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی فاو لەسەر رووبەری 36 هەزار مەتر چوار گۆشە زەوی بونیادنراوەو تائێستاش لەسەدا 60ی قۆناغی یەكەمی تەواوبووە، وتیشی كۆی خەرجیەكەشی 12 ملیار دینارەو لە چەند بەشێك پێكدێت لەوانە چەند هێڵێكی بەرهەمهێنان و وێستگەی پشكنینی ئەلكترۆنی و میكانیكی و كۆگای تایبەت بۆ چاككردنەوە.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەت ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی فاو بڕیارە لە ماوەی ساڵێكدا تەواوبكرێت و بە تەواوكردنیشی دەرفەتی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان دابین دەكات.