ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند سزایەکی نوێی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران دا سەپاند کە پێنج بەرپرسی باڵای ئێرانی و حەوت گەورە کۆمپانیای گرتۆتەوە، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئیرانیش لەنێو سزادراوەکاندایە.
بەھۆی بەردەوامبوونی لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی، حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر پێنج بەرپرس دا سەپاند، کە یەکێکیان سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانەو ئەوانی تریش زانای ئەتۆمین، ھاوکات ٧ کۆمپانیای دیکەش سزاکە دەیانگرێتەوەو بانکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا سزادراوانەدا نەکەن.
لەوبارەیەوە ڤیکتۆریا نۆلاند وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەو خەزێنەی ئەمریکی ئەو سزایانەیان بەسەر ئەو کۆمپانیاو بەرپرسانەدا سەپاندووە بەھۆی ئەوەی ھاوکاربوون لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆم دا.
ھەروەک سزاکەی ئەمریکا فەرەیدون عەباسی دوانی دەگرێتەوە کە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو سەرۆکی ئێران وەک سەرۆکی رێکخراوی وزەی وڵاتەکەی دایمەزراند کە ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیزیای ئەتۆمی دا.