وەزیری نەوتی عیراق ئاشكرای دەكات، وڵاتەكەی پابەندە بەرێكەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و تاوتوێی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لەكێڵگەكانی كەركوك و باشووریش دەكات.
جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، وڵاتەكەی لەپێناو پشتگیری كردنی نرخی نەوت پابەندە بەرێككەوتنی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو دووپاتیشی دەكاتەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەهێنان بەرز دەكەنەوە.
جەبار لعێبی روونیكردۆتەوە، چەند بژاردەیەكیان لەبەردەستدایە بۆ جێیەجێكردنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كڵێگەكانی كەركوك و باشوری عیراق، كە لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی جیهانەوە گەشەیان پێدراوە، یاخود لەو ناوچانەی تر كە لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەدەبرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: ” ئامانج لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بەرهەمی نەوت لەلایەن عیراقەوە، گەیشتنە بەو ژمارانەی كە ڕێكەوتنی لەسەركراوە لەگەڵ ڕێكخراوی ئۆپیك”.
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی، لەگەڵ ئەو كۆمپانیا بیانییانەی لە كڵێگەكانی باشوور كار دەكەن، گفتوگۆ دەكەین بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بە تایبەت لەكاتی چاككردنەوەو گەشەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان كە ناوبەناو ئەنجام دەدرێن.