شەشەمین پیشانگەی بازرگانی و پیشەسازی لە هەولێر

 
بەمەبەستی فراوانكردنی كەرتی بازرگانی و گەشەپێدانی بازرگانی تایبەت ئەمڕۆ لە شاری هەولێر شەشەمین پیشانگەی بازرگانی و پیشەسازی كرایەوە كە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
 
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند “ئەم پیشانگایە لەم كاتەدا نیشانەی بەردەوامبوونی هەرێمی كوردستانە لە پرۆسەی بازرگانیدا و بەتایبەتی ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی هەیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان درێژەی پێ دەدەین.”
 
هەروەها وتیشی “ئەم پیشانگایەی ئەمساڵ كە 95 كۆمپانیای 7 وڵات و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارن و جووڵەیەكی بازرگانی پێویست دەخەنەوە بازاڕەكانی كوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی درێژە پێ دەدەن.”
 
عەبدوڵا عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێریش لەبارەی كەلوپەل و نرخەكانەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو كەلوپەلانەی هێنراون سەرجەمیان لە بڕاندە جیهانییەكانن و چەندان كۆمپانیای گەورەی جوانكاری و بەرهەمە پیشەسازییەكانیش تێیدا بەشدارن، بۆ نرخیش سەرباری ئەوەی كە ئێمە وەك مەرج دامان ناوە، بەڵام خۆشیان هەستیان بە دۆخی هەرێم كردووە و %50 داشكانیان لە نرخەكانیان كردووە.”
 
پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە بەشداریی 95 كۆمپانیا ماوەی 4 ڕۆژ بەردوام دەبێت.