حكومەتی هەرێم: یاسای بودجەی عیراق لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، یاسای بودجەی عیراق بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە. 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك ‌و (قوباد تاڵەبانی) جێگیری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبۆوە ‌و تیایدا گفتوگۆ لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە نێو بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق كرا‌و لە كۆبوونەوەكەشدا (رابەر سدیق) بریكاری وەزارەتی دارایی بەوەكالەت ، راپۆرتێكی دەر‌بارەی كەموكوڕی ‌و خاڵە نەرێنیەكانی یاسای بودجەی عیراق خستەڕوو كە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی حكومەتی هەرێمدا نییە.

رابەر سدیق دووپاتیكردەوە كە ئەو بودجانەی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراون‌، هەمیشە كەموكورتی تیادا بووە و حكومەتی فیدراڵی هەمیشە بەویستی خۆی و بۆ مەرامی سیاسی دەستكاریی یاساكانی تایبەت بە بودجەی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، مانگانە بە ملیۆنەها دۆلار بۆ كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و كارەبا خەرج دەكات. 

لای خۆیەوە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە یاساكە، دووپاتیكردەوە كە دەبێ كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان ئەنجام بدرێت ‌و تێبینیەكانی حكومەتیان لەسەر یاسای بودجەی گشتی بۆ ڕوون بكرێتەوە، هەروەها تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئەم بابەتە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵدا چارەسەر بكرێت.

 لە كۆتاییشدا ئەنجومەنی وەزیران تەئكیدی كردەوە كە بۆ ڕوونكردنەوەی تێبینیەكانی خۆی لەسەر یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراق، لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عیراق كۆدەبێتەوە.