کۆنفرانسی تواناو ده‌رفه‌ته‌ سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانی پارێزگای کرمانشان به‌ڕێوه‌چوو

 
کۆنفرانسی توانا و ده‌رفه‌ته‌ سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانی پارێزگای کرماشان به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی كرمانشان  و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شاندی گەرمیان عێراق له‌ هۆڵی کۆنفرانسه‌کانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی کرمانشان به‌ڕێوه‌چوو.

 
 
سیروان محه‌ممه‌د مه‌حمود، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ‌لەبارەی کاریگه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م کۆنفرانسه‌کە له‌ سه‌ر لێکنزیکبوونه‌وه‌ی بازرگانان و چالاکوانانی بواری ئابوری ئێران و هه‌رێمی کوردستان ڕایگەیاند” ئێمه‌ وه‌ک ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌ یاوه‌ری چه‌ند گه‌وره‌ بازرگانێک له‌ سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی کرمانشان به‌شداریمان له‌م کۆنفرانسه‌دا کرد که‌ په‌یوه‌ندی به‌ توانا و ده‌رفه‌ته‌ ئابورییه‌کانی پارێزگای کرمانشان به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی قه‌سری شیرین هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هاوئاهه‌نگی باشتری نێوان بازرگانانی ئێمه‌ و بازرگانانی پارێزگای کرمانشان.
 
له‌م کۆنفرانسه‌دا ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی چه‌ندین پێشنیاری خۆیی خسته‌ڕوو، ئێمه‌ باسمان له‌ شارۆچکه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ هاوبه‌ش‌ کردووه‌ که‌ بڕیاره‌ له‌ سنوری په‌روێزخان بونیات بنرێت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ یاسا و ڕسووماتی گومرۆکی نایگرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش هانده‌رێک بۆ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان ده‌بێت که‌ کارگه‌که‌یان له‌و ناوچه‌یه‌ بکه‌نه‌وه‌، هیوادارین له‌ ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێ کردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌لی کار بۆ دانیشتووانی هه‌ر دوو دیوی سنور دابین بکرێت و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و پیشه‌سازییه‌کانی نێوانمان به‌هێزتر ببێت”.

سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی خاڵی سنوری په‌روێزخان کێشه‌ و گرفته‌کانی ئەو مەرزە ڕایگەیاند : ” ئێمه‌ کاتی سه‌ردانمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سه‌ر سنوری په‌روێزخان بینیمان که‌ شۆڤیری بارهه‌ڵگره‌کان مانیان گرتبوو که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی پاسه‌وانی سنوری ئێرانه‌وه‌ کێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت‌و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جموجوڵه‌ بازرگانییه‌کان به‌ شێوازی ئاسایی به‌ڕێوه‌نه‌برێت، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ پارێزگاری کرماشانه‌وه‌ کرد که‌ ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییانه‌ی که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئیش ده‌که‌ن چه‌ند جارێک کێشه‌ و گرفتیان خوڵقاندووه‌ که‌ داوامان له‌ به‌رپرسانی پارێزگا کردووه‌ ئاڵ و گۆڕیان پێ بکرێت تا سه‌ر له‌ نوێ ئه‌و کێشانه‌ نه‌بینین و له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م پارێزگای کرمانشان ده‌بێت، هه‌نارده‌ی کاڵاکانیان ڕاوه‌ستاوه‌، بۆ نموونه‌ کاڵا و به‌رهه‌مه‌ کشتووکاڵییه‌کان ڕه‌نگه‌ مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌ سه‌ر بێت، هیوادارین که‌ پارێزگاری کرماشان و ژووری بازرگانی ئه‌م شاره‌ داواکارییه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ به‌رچاو بگرن”.

لەبارەی قه‌یرانی ئابوری هه‌رێمی کوردستان به‌ کوێ گه‌یشتووه‌، دۆخه‌که‌ به‌ره‌و باشتربوون ده‌ڕوات یان نا سەرۆکی ژووری بازرگانی دەڵێت: قه‌یرانی هه‌رێمی کوردستان دوو قه‌یرانه‌، یه‌که‌م ئه‌و شه‌ڕه‌ سه‌پێندراوه‌ی داعشه‌ که‌ تووشی ئێمه‌ بووه‌ و دووه‌م ئه‌وه‌ی که‌ به‌ هۆی بڕینی بودجه‌ی کوردستان له‌ لایه‌ن به‌غدا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، قه‌یرانێکی ئابوری هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م کێشانه‌ ده‌دات، هیوادارین و به‌رچاومان ڕوونه‌ که‌ له‌ ساڵی داهاتوودا ئه‌و قه‌یرانانه‌ تا ڕاده‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ببێت، به‌ پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی کراوه‌ ده‌توانین به‌ره‌و ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کان هه‌نگاو بنێین.

لەبارەی ھاندانی بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند : ئێمه‌ چه‌ند ساڵێک ده‌بێت که‌ په‌یوه‌ندی گه‌رم و گوڕمان له‌ گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌، ماوه‌یه‌که‌ که‌ به‌پێی یاسای عێراقی گومرۆکی سه‌ر کاڵا و به‌رهه‌مه‌ هاورده‌کراوه‌کان زیادی کردووه‌ که‌ له‌ سه‌دا 5 تا 40 به‌رز بووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا ڕێگاش بۆ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ کارگه‌کانیان له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌ هاوبه‌شه‌ که‌ باسمان کرد بکه‌نه‌وه‌ تا ئه‌و باجه‌ گومرۆکییانه‌ نه‌یانگرێته‌وه‌.