بەمەبەستی چارەسەر کردنی تەواوی ئەو گرفتە بازرگانیانەی لە نێوان سلێمانی و کرماشاندا ھەیە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری کرمانشان کۆبونەوە.
لەکۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و ئەحمەدکەلاری ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کەیوان کاشفی سەرۆکی ژوری بازرگانی کرمانشان تیایدا بەشداربون.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: مەبەست لەسەردانەکەمان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەبوو کە لەمەرزی پەروێزخان ھەیە تا پارێزگاری کرمانشان گرفتەکان چارەسەر بکات.
ڕاشی گەیاند:” کۆمەڵێک چارەسەرمان خستەڕوو کە بەھەوڵی ھەردولا چارەسەری بکەین بەتایبەت ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل کە شۆفێرانی بارھەڵگری نیگەرانکردووە بۆئەوەی کاری بازرگانی پەکی نەکەوێت پێویستە کارئاسانی تەواوبکرێت بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگران ”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داواشیکرد” پێشتر سێ پرۆتۆکۆڵ واژۆ کراوە بۆ دروستکردنی سێ ناوچەی ئازاد لە کوردستاندا بەڵام تائێستا ئێران کاری لەسەر ئەو ناوچانە نەکردووە بۆیە دەمانەوێت پارێزگاری کرمانشان کار بکات بۆ دەستپێکردنی ناوچەی ئازاد لەسنوری پەروێزخان تا بتوانن بەشێوەیەکی فراوان کاڵای بازرگانی لەو ناوچەی ئازادە کاری تیادا بکرێت ”.
ئەسەدولا ڕازانی پارێزگاری کرماشان لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند” ئێمە ھەمو ھەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کەباسکرا بۆئەوەی کاری بازرگانی خێراتربێت و بتوانین بەشێوەیەکی فراوانتر کاری بازرگانی زیاد بکەین”
لەبارەی ناوچەی ئازادەوە ڕایگەیاند” ھەمو ھەوڵێک دەدەین بۆ کارکردن لەسەر بازاڕی ئازاد وە ئەو شوێنەی دیاری کراوە ٤٠ ھەزار دۆنمە لەنزیک مەنزریە بۆیە شوێنەکە دیاری کراوە ئەوە دڵخۆشکەرە وە ئێمەش کاری بۆ دەکەین”.