به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جموجوڵه‌ بازرگانییه‌كان نابێت

به‌رپرسێكی‌ بازرگانی‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناری‌ عێراقیدا كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ بۆ سه‌ر بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم نابێت، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ كه‌می‌ بڕی‌ دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ له‌بازاڕه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و پێده‌چێت له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا نرخه‌كه‌ی‌ ئاسایی بێته‌وه‌.
(سیروان محه‌مه‌د) سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ رایدەگەیەنێت،به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار له‌بازاڕه‌كاندا كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ بۆسه‌ر جموجوڵی‌ بازرگانی‌ نابێت، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی‌ كه‌ له‌بانكه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندا دروستبووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ بارودۆخی‌ سیاسیی‌ له‌عێراقدا ناجێگیره‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی خراپی‌ بۆ سه‌ر ڕه‌وشی‌ ئابوریی‌ دروستكردووه‌.
سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌رزونزمی‌ نرخی‌ دۆلار كاتییه‌و پێده‌چێت له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا نرخه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی‌ ئاسایی خۆی، پێشبینیش ده‌كرێت به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار تاهه‌فته‌ی‌ داهاتوو به‌رده‌وام بێت.