تەواوی وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆنفرانسی کرماشان


به‌ ناوى یه‌كێتى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رمه‌وه‌ سوپاسى ئه‌م میواندارییه‌تان لێده‌كه‌ین وه‌سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخرانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ كه‌ین. پێم خۆشه‌ به‌كورته‌یه‌ك به‌ڕێزتان ئاشنا بكه‌م به‌ هه‌لومه‌رجى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى و كوردستان و ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت كه‌ ژووره‌بازرگانییه‌كان ڕێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن له‌ بوژاندنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ى سه‌رخان و ژێرخانى ئابووریدا. دواتر ئاماژه‌یه‌ك ده‌ده‌م به‌وه‌ى پێویسته‌ چى بكرێت بۆ ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنی بیانی به‌تایبتیش وه‌به‌رهێنه‌رانی عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان.
 
❖ به‌ڕێزان هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى ئه‌منى یه‌وه‌ ته‌واو سه‌قامگیره‌و كۆمپانیاو وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆى و بیانى سه‌رگه‌رمى وه‌به‌رهێنان.
 
❖ یاساى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى ته‌واو داوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنى بیانى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌م هه‌رێمه‌دا.
 
❖ هه‌رێمى كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ى سه‌ره‌تاى بۆ زۆر ێك پیشه‌سازى . له‌ هه‌رێمى كوردستاندا 6000 كارگه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پڕۆژه‌ بچوك و پیشه‌ییه‌كان … شارى سلێمانى به‌گرنگترین شارى پیشه‌سازى عێراق داده‌نرێت كه‌ چه‌ندین پیشه‌سازى ستراتیجى تێدایه‌ و ڕۆڵێكى گرنگیان هه‌یه‌ له‌ دابینكردنى پێداویستى ناوخۆى ته‌نانه‌ت ناردنه‌ده‌ره‌وى هه‌ندێك به‌رهه‌میش، له‌وانه‌ 5 گارگه‌ى چیمه‌نتۆ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاى سلێمانیه‌وه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانیان تا كۆتایی 2016 ده‌گاته‌ 7 ملیۆن ته‌ن پلانیش هه‌یه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ ساڵى 2017 بگاته‌ 8 ملیۆن ته‌ن، كارگه‌كانى ئاسن و خشت و ده‌رمان و…..له‌ هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراون
 
❖ هه‌رێمى كوردستان ئاوهه‌وایه‌كى گونجاوى هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى به‌ربوومى كشتوكاڵى جۆراوجۆر، ته‌نها له‌ پارێزگاى سلێمانى بڕى 400.000 هه‌زار ته‌ن گه‌نم له‌ساڵى 2016 دا به‌رهه‌م هاتووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانى تر.
 
 
❖ زیاتر له‌ 800 پڕۆژه‌ مۆڵه‌تیان له‌ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنان وه‌رگرتووه‌ كه‌ تێكڕاى تێچونیان ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 50 ملیار دۆلار، له‌ بواره‌كانى نیشته‌جێبوون، گه‌شتیارى، پیشه‌سازى، كشتوكاڵى …..

❖ ژماره‌ى ئه‌و كۆمپایانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دامه‌زراون له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ى لقیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردۆته‌وه‌ زیاره‌ له‌ 21000 كۆمپانیاو ، له‌م ڕێژه‌یه‌ش 6260 كۆمپانیایان له‌ شارى سلێمانى كارده‌كه‌ن و 630 له‌م كۆمپانیایان بیانین .
 
❖ چه‌ندین كۆمپانیاى جیهانى و براندى نێوده‌وڵه‌تى بریكاریان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانداو ئێستا به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى ترى عێراق په‌خش ده‌بێت به‌هۆى ئه‌و سه‌قامگیریه‌ ئه‌منییه‌ى له‌ هه‌رێمدا به‌رقه‌راره‌.
 
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا به‌شێكه‌ له‌تواناى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێت چى بكرێت بۆ ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنى بیانى.

• پێویسته‌ یاساى وه‌به‌رهێنان به‌جۆرێك دابڕێژرێت كه‌ هانده‌ر بێت بۆ وه‌به‌رهێنى بیانى ڕایان بكێشێت بۆ بنیاتنانى پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان ئه‌مه‌ش كاتێك به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ مافى خاوه‌ندارێتیان پێبدرێت له‌و پڕۆژانه‌ى دروستى ده‌كه‌ن، زه‌ویان بۆ دابین بكرێت و له‌ باج ببه‌خشرێن ، رسوماتى ئاو كاره‌بایان بۆ كه‌م بكرێته‌وه‌ ئاسانكارى ته‌واویان بۆ بكرێت له‌ ڕۆتینیاتى ئیدارییدا واته‌ ده‌بێت وابكرێت ڕێژه‌ى قازانج بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانى زیاتر بێت له‌و بڕه‌ى قازانجه‌ى كه‌ له‌وڵاتى دایك ده‌ستى ده‌كه‌وێت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت وه‌به‌رهێنى بیانى ڕابكێشین. وڵاتى چین نمونه‌یه‌كى زیندووه‌ تا حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو (واتا كه‌متر له‌ 50 ساڵ له‌مه‌و پێش) وڵاتێكى هه‌ژار بوو به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌ى ئابوورى و ڕێژه‌ى زۆرى دانیشتوان و خراپى ئاستى بژێوییه‌وه‌ ده‌ى ناڵاند، به‌ڵام دواى مردنى (ماوسى تۆنگ ) له‌ ساڵى 1977 و له‌سه‌رده‌مى حكوم ڕانى (دنغ شیاو بنغ) به‌و فه‌لسه‌فه‌ چاكسازییه‌ى كه‌ ده‌ڵێت ( گرنگ نییه‌ پشیله‌ ڕه‌نگى ڕه‌ش بێت یاخود سپى ، به‌ڵكو گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ مشك ڕاو بكه‌ن ، گرنگ نییه‌ سیستمى ئابوورى اشتراكى بێت یاخود رأسمالى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ داهات زیاد بكرێت و ژیانێكى خۆشگوزه‌ران بۆ هاوڵاتیان وه‌دیبێنێت) دواتر به‌هۆى ئه‌و پلانه‌ى دایان ڕشت بۆ چاكسازى ئابووریان توانیان وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى ڕابكێشن بۆ وڵاته‌كه‌یان و زۆربه‌ى كۆمپانیا و برانده‌ جیهانییه‌كان كه‌مه‌ندكێش بكه‌ن و كارگه‌كانیان له‌و وڵاته‌دا دابمه‌زرێنن و وابكه‌ن ته‌نها كه‌سێك له‌و وڵاته‌دا زیاد نه‌بێت و بیخه‌نه‌ سه‌ركار، وڵاته‌كه‌شیان له‌سه‌ر ئاستى جیهان بگیه‌نه‌ ڕیزى وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ زلهێزه‌كان.

• شارى كرمانشان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ شوێنى مێژووی و كه‌ره‌سته‌ى سه‌ره‌تایی و هێزى كارى كارامه‌ و ئاو هه‌واى گونجاو بۆ كشتوكاڵ و گه‌شت و گوزار و له‌باره‌ بۆ زۆر پرۆژه‌ى گرنگ كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ داڕشتنى پلان هه‌یه‌ تا بناسێندری َبه‌ وه‌به‌هێنه‌رانى بیانى و ڕاكێشانیان بۆ وه‌به‌هێنان له‌و سێكته‌رو بواره‌ جیاوازانه‌ى كه‌ شارى كرمانشاه‌ پێى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.

• پێوسته‌ ژێرخانى ئابوورى به‌هێزبكرێت كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ڕێگاو بان و ئاوو كاره‌باو هۆكاره‌كانى گه‌یاناندن….. چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌ پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى وه‌به‌رهێنانن.

• پێویسته‌ سیستمى بانكى هاوچه‌رخ دابمه‌زرێت تا وه‌به‌رهێنه‌رانن بتوانن به‌ ئاسانترین شێوه‌ جوڵه‌ به‌ داهاته‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن.

• پێویسته‌ سه‌قامگیرى ئابوورى به‌رجه‌سته‌ بكرێت، تا وه‌به‌رهێنى بیانى ترسى نه‌بێت له‌ زه‌رده‌زیات كه‌ به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌و نزمبوونه‌وه‌ى نرخ توشى ببێت.
• پێویسته‌ ئاسانكارى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى بكرێت بۆ هه‌نارده‌كردنى به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ بازاڕه‌كانى جیهان. بونی ده‌روازه‌ی په‌روێزخان له‌سنورى ئه‌م پارێزگایه‌دا ئه‌وده‌رفه‌ته‌ ده‌ره‌خسێنێت  كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران بیكه‌نه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌نارده‌كردنی كاڵاكانیان بۆ عێراق‌و هه‌رێمی وكردستان.

• دروست كردنی ناوچه‌ى بازرگانى ئازاد له‌ كرمانشان كه‌ هه‌موه‌ پێداویستییه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ خۆبگرێت و ئاسانكارى ته‌واو بكرێن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌.

• به‌پڕه‌ویكردنى لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ ڕایكردنى كارى وه‌به‌رهێناندا .

• ته‌واى سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان هاوسنوره‌ و به‌ستراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ڕێگه‌ى هه‌ردوو ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ و په‌روێزخاوه‌ ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكى ایجابیه‌ بۆ ئه‌ه‌ى هه‌نگاوێكى نۆێ بێین و ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ بازرگانییدا به‌رجه‌سته‌ نه‌كه‌ین و به‌ڵكو هه‌وڵبده‌ین پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى ستراتیجى له‌ هه‌ردوو وڵاتدا بنیات بنێین.
 
 
له‌ كۆتاییدا سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌و هیوادارین له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ دیدارتان شاد ببینه‌وه‌ پێشنیاریش ده‌كه‌م ئه‌م كۆنفرانسه‌ ساڵانه‌ به‌شێوه‌ى خول به‌ڕێوه‌ بچێت و پێم باشه‌ بۆ ساڵى ئاینده‌ له‌ شارى هه‌ولێر ئه‌م كۆنفرانسه‌ ڕێك بخه‌ن چونكه‌ كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى دواى روخانى ڕژێمى به‌عسدا زۆر نمونه‌ى جوانى پێشكه‌ش كردووه‌  به‌جۆرێك له‌ ساڵى 2014ده‌دا  شارى هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختى گه‌شتیارى وڵاتانى عربی ده‌ستنیشان كرا، ئه‌گه‌ر جه‌نگى نه‌خوازراوى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهاندا نه‌بوایه‌ ئیستا هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورییه‌وه‌ له‌ قۆناغو ئاستێكى باشتردا ده‌بوو،وه‌پێشنیار ده‌كه‌م شارى كرمانشا و كۆمارى ئیسلامى ئێان گرنگییه‌كى زیاتر به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بده‌ن   به‌هۆى كلتورى هاوبه‌ش و هاوسنورى و په‌یوه‌ندى ئابوورى و سیاسى دێرینه‌ى هه‌ردوولا ده‌توانین پڕۆژه‌ى هاوبه‌شى ستراتیجى له‌هه‌ردوو وڵاتدا بنات بنێیت.

له‌گه‌ڵ ڕێز و سوپاسماندا
سیروان محمد محمود
جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان و
سه‌رۆكى ژوورى و بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى