كارگەی دروستكردنی زەیتی زەیتوون لە باشیك، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە وێران كراوە و بەو هۆیەوە چیتر ناتوانێت بەرهەمی زەیتوونی سەتان جووتیار و خاوەن باخەكانی زەیتوون لە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان وەربگرێت.
بەرپرسانی كشتوكاڵ رایدەگەیەنن بە 600 ملیۆن دینار كارگەكە نۆژەن دەكرێتەوە، بەڵام داعش زۆربەی دارەكانی زەیتوونی لەناوچەكەدا سووتاندووە.
سلێمان عومەر بەڕێوەبەری یكشتوكاڵی باشیك راگەیاند، كارگەی زەیتی زەیتوونی باشیك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تێك دراوە و ئەگەر نۆژەن نەكرێتەوە، چیتر ناتوانێت كار بكات و بەرهەمی زەیتوون لە جووتیاران و باخەوانان وەربگرێت.
كارگەی زەیتی زەیتوونی باشیك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕی 664 ملیۆن دینار دروست كرابوو، راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك بەڕێوە دەبرا. لەو كارگەیەدا رۆژانە 24 تۆن زەیتوون وەردەگیرا و زەیتی زەیتوونی لێ دروست دەكرا یان زەیتوونەكە لە قووتی دەنرا.
“لەبەر ئەوەی كارگەی زەیتی زەیتوونی باشیك تاكە كارگەی پارێزگای دهۆك و مووسڵ وهەولێرو دەروبەری بوو،زەیتوونەكانی دهۆك وهەولێر ومووسڵ وتكریت وكەركووك بۆكارگە یزەیتی زەیتوون لەباشیك دەهاتن ولەوێ دەكران بەزەیتو بەشێكی تری زەیتوونەكە بودروستكردنو خستنە نێو قوتوو بەكاردەهێنران”.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی باشیك و بەحزان وتی: دروستكردنی كارگەی زەیتی زەیتوون لە باشیك هانی جووتیارانی ناوچەكەی دابوو، زۆرترین باخی زەیتوون دروست بكەن، بەو هۆیەوە تەنیا لە باشیك 200 هەزار درەختی زەیتوون لەلایەن جووتیارانەوە چانرابوو، حكومەت لەبەرامبەر وەرگرتنی 25%ی داهاتی زەیتوونەكە، زەیتوونی جووتیار و باخەوانەكانی وەردەگرت و ئەوەش لەیەك كاتدا سوودی بە جووتیاران و حكوومەت دەگەیاند.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی باشیك و بەحزان روونی كردەوە، “ئەو 25%یەی داهاتی زەیتوون كە لە بەرامبەر دروستكردنی زەیت لە باخەوانان وەردەگیرا، ساڵانە چوار تا حەوت ملیۆن دینار داهاتی بۆ حكومەت پەیدا دەكرد، بەڵام جووتیاران سوودمەندی یەكەم بوون لە كارگەكەدا”.
تا پێش داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن داعشەوە، باخەوانەكانی باشیك ساڵانە 600 تۆن زەیتوونیان بەرهەم دەهێنا، لەكاتێكدا هەر درەختێكی زەیتوون لەو سنوورەدا ساڵانە لە نێوان 40-50 كیلۆ زەیتوونی دەدا.
سلێمان عومەر دەڵێ، “داعش جگەلەوەی تەواوی كارگەكەی زەیتی زەیتوونی باشیكی وێران كردووە، لەهەمان كاتدا زۆرینەی درەختەكانی زەیتوونی ناوچەكەی سووتاندووە و بەشێكیش لە باخەكان بۆمبڕێژكراون، باخەكانی تر بەهۆی ئەوەی لەو ماوەیە زۆرەدا ئاو نەدراون، درەختەكانیان وشك و لاواز بوون و ئێستە بەرێكی باش نادەن”.
عومەر زیاتر دەڵێ، “بۆ نۆژەنكردنەوەی كارگەكە پێویستمان بە 600 ملیۆن دینار هەیە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستە باخەكانی زەیتوون كۆتایان هاتووە و دەبێت دووبارە باخەوانەكان دەست بە چاندنی زەیتوون بكەنەوە”.
داسنقەوال سەرۆكی ئەنجوومەنی باشیك رونیکردەوە، “جگە لەوێرانكردنی كارگەی زەیتی زەیتوون، داعش ژێرخانی باشیك و بەحزانی خاپوور كردووە، پێویستە حكوومەتی هەرێم بەرژدی كار بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە، بۆ ئەوەی خەڵكەكە روو لە ناوچەكە و دەست بە كشتوكاڵ بكەنەوە”.
زیاتر دەڵێ، “ئێستە بەهاوكاری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر دەستمان بە پاككردنەوەی باشیك كردووە، قۆناغی داهاتوو دەست دەكەین بە دروستكردنەوەی تۆڕی ئاو و كارەبا و رێگەوبان و دامودەزگەكان، هاوكات بە تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی مین، بەردەوامن لە هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی ئەو مین و بۆمبانەی لەناوچەكەدا چێنراون”.
شارۆكەی باشیكب بەدووریی 12كم دەكەوێتە باشووری پارێزگای مووسڵ و بەناوچەیەكی كشتوكاڵی دادەنرێت، ناوچەكە بەتایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیتوونی رەش وزەرد دەناسرێتو 70% دانیشتوانی باشیك ئێزیدینو ئەوانیتر مسوڵمان ومەسیحی وشەبەك وعەرەبن. لەو شارۆكەیەدا كە 47 گوندیش لەخۆدەگرێت، 70 هەزار كەس پێش هاتنی داعش، ژیاون.